Hawkar Yaseen
05 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2021
هەولێر AA
ئەمڕۆ پێنجی ئاب، سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی لە مەراسیمێکدا لە پەرلەمانی ئێران لە تارانی پایتەخت سوێندی یاسایی دەستبەکاربوونی دەخوات لە پۆستی سەرکۆماری ئێراندا.
لە مەراسیمەکەدا، ١٠ سەرکۆمار و ٢٠ سەرۆکی پەرلەمان و ١١ وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک وەزیری دیکەی وڵاتانی جیهان وەک میوان بەشداری دەکەن و لە نێویشیاندا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق بەشدارن.
شاندی هەرێمی کوردستان کە یاوەری سەرۆکی هەرێم دەکەن پێکهاتوون لە سهرۆکی دیوانی سهرۆکایهتیی ههرێمی کوردستان، فەوزی هەریری و وهزیری ئهوقاف و کاروباری ئایینی، پشتیوان سادق و وهزیری رۆشنبیری و لاوان، حەمەی حەمەسەعید و وهزیری کار و کاروباری کۆمهڵایهتیی، کوێستان محەمەد.
شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە تارانی پایتەختی ئێران و لە مەراسیمێکی فەرمیدا پێشوازییان لێ کرا.
بڕیارە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی تاران، مەراسیمی سوێند خواردنی ئیبراهیم رەئیسی لە پۆستی سەرکۆماری ئێراندا لە پەرلەمانی ئێران دەست پێ بکات.