Zana Natık Kerem
15 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2017
نەینەوا ــ AA
بەرپرسی بەدواداچوون لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی وشكانی سوپای عێراق، موقەدەم شەمسەددین محەمەد عەنبەری رایگەیاند كە بە بۆردومانكردنی ئاسمانی و تۆپبارانكردن بۆ سەر پێگەكانی داعش، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر ناوەندی قەزاكە (٦٠ كیلۆمەتر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا) دەستی پێ كرد.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، شەمسەددین محەمەد عەنبەری گوتی: "لە چوارچێوەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە، فڕۆكە جەنگییەكانی (ئێف ١٦)ی سەربە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، ١٣ هێرشی ئاسمانیان كردە سەر پێگە و ئامانجە نەجووڵاوەكانی داعش لە ناو ناوەندی قەزای تەلەعفەر و دەورووبەری".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەش دا كە هەر لەگەڵ بۆردومانەكەدا، تۆپخانەكانی لیوای ٣٦ی میكانیكی و لیوای ٣٥ی سەربە فیرقەی ٩ی زرێپۆش و لیوای سێ سەربە فیرقەی یەكی سوات ، ١٥ مووشەكیان ئاراستەی پێگەكانی داعش كرد.
ناوبراو باسی لەوەش كرد بە پێی ئەو زانیارییانەی كە لە لایەن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەدەستیان گەیشتووە لە ئاكامی ئەو بۆردومانانە، ١٧ چەكداری داعش كوژراون كە لە نێویاندا سەركردەی رێكخراوەكە هەیە و هەروەها حەوتی دیكەش برینداربوون ئەمە سەرباری ئەوەی ژمارەیەك حەشارگەی چەك و تەقەمەنی و ناوەندی كۆكردنەوەی زانیاری و ئامادەكردنی پیلانی هێرشی چەكداری لەگەڵ دوو بنكەی مەشق و راهێنان و بنكەیەكی ئامادەكردنی خۆكوژانی داعش خاپووربوون.
شەمسەددین محەمەد عەنبەری گوتیشی: "ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی پلانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەر دایە كە ئامانج لێی لەناوبردنی تواناكانی شەڕكردن و بەرگرییەكانی داعشە، هەروەها ئاسانكاری دەکات بۆ هێزەكان لەو كاتەی هێرش دەكەنە سەر داعش لەناو قەزاكە.