Zana Natık Kerem
09 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2023
ھەولێر – AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا کە لە ژمارەیەک بەرپرسی بواری دارایی و بانکیی پێکھاتووە، گەیشتووەتە واشنتۆن.
ئەحمەد سەحاف لە لێدوانیکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە فوئاد حوسێن لە واشنتۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن کۆدەبێتەوە و دواتر شاندەکەی عێراق گفتوگۆ لەگەڵ شاندی ئەمریکا ئەنجام دەدات کە تیایدا تیشک دەخرێتە سەر پاڵپشتیکردن لە سیاسەتی نەختینەی عێراق و ئاڵوگۆڕی پاڵپشتی دارایی و بانکیی بە ئامانجی پتەوترکردنی دیدی حکوومەتی عێراق لە گرتنەبەری رێوشوێنەکان سەبارەت بە ئاڵوێری دراو.
راشیگەیاندووە شاندەکەی عێراق لە واشنتۆن، ھەروەھا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریکا، پاڵپشت بە رێککەوتننامەی "چوارچێوەی ستراتیجیی" چۆنێتی پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات تاوتوێ دەکەن.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاندبوو کە لە حەوتی شوباتی ٢٠٢٣دا، شاندێکی باڵای عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرسی ناجێگیربوونی دۆلار بەرامبەربە دینار سەردانی واشنتۆن دەکات.