Zana Natık Kerem
24 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2020
ئیسلام ئاباد ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی پاكستان رایگەیاند كە هێزەكانی هیندستان لە میانی سێ هەفتەی رابردوودا، 18 كەسی بێ تاوانیان لە هەرێمی جامو و كشمیر كوشتووە و 40ی دیكەیشیان برینداركردووە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان، زاهید حافیز چاڤدەری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرایكرد كە لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، هێزەكانی هیندستان، پێنج گەنجی بێ تاوانیان لە هەرێمی جامو و كشمیر كوشتووە.
گوتیشی: "لە ماوەكانی نێوان یەك تا 21ی ئەم مانگە، هێزەكانی هیندستان، 18 كەسی بێ تاوانی كشمیریان كوشتووە و 40ی دیكەیشیان برینداركردووە".
لە ئابی 2019دا، حكوومەتی هیندستان، بڕیاردابوو بە هەڵوەشانەوەی رەوشی تایبەتی ناوچەی جامو و كشمیر و دابەشكردنی بۆ دوو هەرێم و جگە لەوەیش خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە هەرێمی جامو و كشمیر قەدەغەكردبوو و هێڵەكانی پەیوەندیكردنیشی لەو هەرێمە سنووردار كردبوو.
پاكستان بەو بەشەی كشمیر كە لەژێر دەسەڵاتی ئەو دایە دەڵێت "ئازاد كشمیر" و ھیندستانیش بەو بەشەی كشمیر كە لەژێر دەسەڵاتی ئەو دایە دەڵێت "جامو و كشمیر".
دوای ئەوەی هیندستان و پاكستان سەربەخۆییان لە ساڵی 1947وە لە بەریتانیا راگەیاندووە تا ئێستا لە كشمیر زیاتر لە ٧٠ هەزاركەس بەهۆی توندوتیژییەوە گیانیان لەدەستداوە و لە ساڵی 1989ەوە گرووپی چەكدارە بێ لایەنەكان چالاكی ئەنجامدەدەن و داوادەكەن ناوچەكە بخرێتە سەر پاكستان.