Dildar Baykan
09 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2020
واشنتۆن - AA
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ راگەیەندراوێک لەبارەی کشانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق بڵاوبکاتەوە.
بەرپرسێکی باڵا کە نەیویستووە ناوی بڵاوبکرێتەوە و لەو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدابووە کە دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی کارۆلینای باکوورەوە پێی گەڕاوەتەوە، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت رۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ راگەیەندراوێک لەبارەی کشانەوەی سەربازانی زیاتری ئەمریکا لە عێراق بڵاوبکاتەوە و لە رۆژانی داهاتووشدا راگەیەندراوێکی هاوشێوە لەبارەی ئەفغانستان بڵاودەکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ کە بەڵێنی ''تەواوکردنی جەنگە بێ کۆتاکانی داوە'' بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی سێی تشرینی دووەم کە نزیکبووەتەوە، دەیەوێت بەو بڕیارەی پەیامێک ئاراستەی دەنگدەرانی بکات.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ٢٠ی ئابدا، لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە.
دۆناڵد ترەمپ بەرلە کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند '' بەخێرایی سەربازانمان لە عێراق دەکشێنینەوە و بە تاسەوە چاوەڕوانی ئەو رۆژەم کە ئەمریکا ناچار نییە لەوێ بمێنێتەوە''.
لە ٢٨ی ئابی رابردوودا رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردبووەوە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) یەک لەسەر سێی سەربازانی لە عێراق دەکشێنێتەوە و ژمارەی سەربازان لەو وڵاتە کەم دەکاتەوە بۆ نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ سەرباز.