Tufan Aktaş
24 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2023
ئیستانبوڵ – AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بەڵێنی داوە دانەوێڵە بە شێوەی بازرگانی یان بێبەرامبەر بۆ وڵاتانی ئەفریقا دابین بکات کە بەهۆی کشانەوەی رووسیا لە رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە لە رێگای دەریای رەشەوە ئەو وڵاتانە ناتوانن دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە هاوردە بکەن.
پوتین لە گوتارێکدا لەبارەی لووتکەی رووسیا و ئەفریقا کە بڕیارە ٢٧-٢٨ی تەمووز لە سەنت پیتەرزبورگ بەڕێوە بچێت نووسیوویەتی، ئاماژەی بەوە داوە کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە کاریگەری نەرێنی ناکاتە سەر وڵاتانی ئەفریقا.
پوتین لە گوتارەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە بۆ دەوڵەمەندکردنی خاوەنکارانی ئەورووپا و ئەمریکا کەڵکی لێ وەرگیراوە و لە سەدا ٧٠ی دانەوێڵەی ئۆکراینا بۆ وڵاتانی داهات بەرز و مامناوەند رەوانە کراوە، جەختی لەوە کردووەتەوە تەنها لە سەدا سێی دانەوێڵەی ئۆکراینا رەوانە کراوە بۆ وڵاتانی وەک ئەسیوپیا، سودان، سۆماڵ، یەمەن و ئەفغانستان و نووسیوویەتی: "چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵ بەروبوومی رەنێوهاتووی وڵاتەکەمان ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات. دەمەوێت دڵنیایی بدەم لەوەی وڵاتەکەمان جێگرەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینا بە شێوەی بازرگانی و بێبەرامبەر (بۆ وڵاتانی ئەفریقا) دابین دەکات".
پوتین بیری خستووەتەوە لە ٢٠٢٢ وڵاتەکەی ١١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن دانەوێڵەی رەوانە کردووە، ئاماژەی بەوە داوە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵیشدا ١٠ ملیۆن تۆن دانەوێڵەیان رەوانە کردووە.
٢٥ وڵاتی کیشوەری ئەفریقا ساڵانە زیاتر لە یەک لەسەر سێی دانەوێڵە لە رووسیا و ئۆکرایناوە هاوردە دەکەن.