Muhammed Emin Canik
29 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2025
ئیستانبوڵ - AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، پێدرۆ سانچێز ئاماژەی بەوە کرد لە میانی پچڕانی کارەبادا کە دوێنێ نیوەڕۆ دەستیپێکرد و هێشتا هۆکارەکەی دیار نییە، سەدا ٦٠ پێداویستی کارەبای وڵات لە پێنج چرکەدا نەما.
دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئیسپانیا سەبارەت بە پچڕانی کارەبا کە لە دوێنێ نیوەڕۆوە لە وڵاتەکەدا درێژەی هەیە، پێدرۆ سانچێز ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا پێدرۆ سانچێز ڕایگەیاند: "نزیکەی سەدا ٥٠ی تەوژمی کارەبای لە سەرانسەری وڵاتدا سەرلەنوێ دابینکراوەتەوە و، لە تەواوی ناوچەکان دۆخەکە بەرەو باشی دەچێت".
ئاماژەی بەوەشکردبوو کە، دوێنێ کاتژمێر ١٢:٣٣ خولەک کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا لە ئیسپانیا پێی ڕاگەیاندوون کە ١٥ گێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا لەناکاو و لەماوەی پێنج چرکەدا کوژاوەتەوە، دووپاتیشی کردووەتەوە کە پێشتر ئەم حاڵەتە ڕووینەداوە، هەروەها ئاشکرایشی کردووە کە ئەم ١٥ گێگاوات کارەبایەی کوژاوەتەوە نزیکەی سەدا ٦٠ی پێداویستی وڵات بووە.
سانچێز باسی لەوە کرد کە کار دەکەن بۆ چاککردن و تەواو دابینکردنی کارەبا و، سوپاسی هەریەک لە فەڕەنسا و مەغریبی کرد کە لە کاتی قەیرانەکەدا هاودەنگیی وڵاتەکەی بوون.