Dmitri Chirciu
04 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی ئەوەی ئاشکرا کرد کە سوپای رووسیا هێرشی کردوەتە سەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا و گوتیشی: "تانکەکانی رووسیا، باش دەزانن چی بۆردومان دەکەن. ئەگەری هەبوو کارەساتێکی شەش هێندەی چێرنۆبڵ رووبدات، ئەمە پەلامارێکی تیرۆریستی بوو".
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و لە بارەی دوایین پێشهاتەکانی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، زانیاری خستەڕوو.
سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەوە کرد کە هێرشەکانی رووسیا بۆسەر وڵاتەکەی لە مێژووی ئەورووپادا دەنوسرێنەوە و رایگەیاند "سوپای رووسیا هێرشی کردە سەر وێستگەی زاپۆریژییا کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی کیشوەری ئەورووپایە. تانکەکانی رووسیا، باش دەزانن چی بۆردومان دەکەن. ئەگەری هەبوو کارەساتێکی شەش هێندەی چێرنۆبڵ رووبدات، ئەمە پەلامارێکی تیرۆریستی بوو".
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی پەیامێکیشی ئاراستەی گەلی رووسیا کرد و گوتی: "هەموومان پێکەوە بەرەنگاری ئاکامەکانی کارەساتی چێرنۆبڵ بووینەوە کە لە ساڵی ١٩٨٦دا روویدا. ئەگەر ئەم کارەساتەمان لەبیرنەکردبێت، نابێت بێدەنگبین".
سەرۆکی ئۆکراینا داواشی کرد سزاکانی سەر رووسیا توندتر بکرێنەوە و رایگەیاند "رووسیا زۆرینەی یەکە سەربازییەکانی هێناوەتە خاکی ئۆکرایناوە، شارەکانی وڵاتەکەمان لە دوای داگیرکاری نازییەکانەوە تا ئێستا ستەمی نامرۆڤانەی وایان بەخۆوە نەبینیوە. لە بەشێکی شارەکاندا بە مەبەست، ژێرخان و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی خاپوور دەکرێن. بەهۆی بۆردومانی رووسیا بۆسەر شاری چەرنیگیڤ ٤٧ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون".
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی ئاماژەی بەوەشدا کە لە شاری ژیتۆمیر قوتابخانەیەک کراوەتە ئامانج، ئەوەشی ئاشکرا کە ژمارەی ئەو سەربازە رووسانەی لە شەڕەکەدا کوژراون گەیشتووەتە نۆ هەزار و ٢٠٠ سەرباز.