Sangar Hamad Azeez
16 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2016
لەسەر داوای رووسیا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەبارەی بابەتی بۆردومان كردنی پەیەدە لە سووریا لەلایەن سوپای توركیاوە، كۆدەبێتەوە و كۆبوونەوەكە بڕیارە بەشێوەیەكی داخراو ئەنجام بدرێت. چاوەڕوان دەكرێت بەرپرسانی كارگێری سیاسیی نەتەوە یەكگرتووەكان پرۆژەیەك پێشكەشی ئەنجوومەنەكە بكەن.
بڕیارە یەكەم بابەتی رۆژەڤی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی پێكدادانەكانی یەمەن بێت و هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئەو وڵاتە بكرێت، نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڤیتالی چوركین دوای پەلامارەكەی سەر حەلەب، هەفتەی رابردوو لە میانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی رەوشی مرۆیی لە سووریا كاردانەوەی نیشان داو داوای كرد كۆبوونەوە لەبارەی رەوشی مرۆیی یەمەنیش ئەنجام بدرێت.
بابەتی دووەمی كۆبوونەوەكەش بریتی دەبێت لە بۆردومان كردنی پەیەدە لە سووریا لەلایەن سوپای توركیاوە.
لە میانی ئەو کۆبوونەوەیەدا وڵاتانی رۆژئاوا، داوای روونكردنەوە لە رووسیا دەكەن لەبارەی پەلامارەكانی بۆسەر قوتابخانە و نەخۆشخانەكانی سووریا لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیاوە.
جێگای باسە پێشتر وەزیری بەرگری توركیا عیسمەت یڵماز رایگەیاندبوو كەوا چەكدارانی پەیەدە/پەكەكە هاوەنێكیان ئاراستەی بنكەی پۆلیسی سەر سنووری كلیس كردبوو لە توركیا و لە بەرامبەردا سوپای توركیا بەرپەرچی پەلامارەكەی دابۆوە.