Mazın Asad
26 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2016
سکرتێری گشتی ناتۆ، یانس ستۆلتنبێرگ رایگەیاند "لەگەڵ دەستپێکردنی بۆردومانەکانی رووسیا بۆ سەر حەلەب، کارەساتی مرۆیی زیاتر روو دەدات. بەھۆی ھێرشەکان بۆسەر خانوو و نەخۆشخانەکان پیاو، منداڵ و ئافرەت دەکوژرێن. من لە پێناو کۆتایی ھێنان بە شەڕو پێکدادانەکان و گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ حەلەب، بەڕاستی بانگەواز بۆ رووسیا دەکەم کە ھەوڵەکانی چڕ بکاتەوە".
ستۆلتنبێرگ بەرلە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە بەردەم بارەگای ناتۆ روونکردنەوەیەکی بە رۆژنامەوانان دا.
سکرتێری گشتی ناتۆ ئاماژەی بەوە دا کە وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بۆ ماوەی دوو رۆژ لە کۆبوونەوە دەبن و راشیگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا پرسی زیادکردنی بەرگری ناتۆ و دابینکردنی سەقامگیری ئەوبەری سنوورەکان تاوتوێ دەکرێت.
ستۆلتنبێرگ روونیشی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا پرسی جموجۆڵی سەربازیی رووسیا لە سنوورەکانی ناتۆش تاوتوێ دەکرێت و گوتیشی: "رووسیا درێژە جموجۆڵی سەربازیی لە نزیک سنوورەکانمان دەدات کە مانۆڕە سەربازییەکانیش دەگەرێتەوە. تەنھا لە ماوەی ئەم مانگەدا رووسیا مووشەکی ئەسکەندەری بۆ کالینگراد گواستەوە کە خاوەن توانای ناوەکییە و ئەمریکا رێککەوتننامەی پلوتۆنیوی لەگەڵی ھەڵپەسارد".
سکرتێری گشتی ناتۆ لە درێژەدا جەختی لەوە کردەوە کە رووسیا سەرلەنوێ دەستی بە بۆردومانکردنی حەلەب کردووە و گوتی: "لەگەڵ دەستپێکردنی بۆردومانەکانی رووسیا بۆسەر حەلەب، کارەساتی مرۆیی زیاتر روو دەدات. بەھۆی ھێرشەکان بۆسەر خانوو و نەخۆشخانەکان پیاو، منداڵ و ئافرەت دەکوژرێن. من لە پێناو کۆتایی ھێنان بە شەڕو پێکدادانەکان و گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ حەلەب، بەڕاستی بانگەواز بۆ رووسیا دەکەم کە ھەوڵەکانی چڕ بکاتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە ناتۆ وەڵامی کردارەکانی رووسیا بداتەوە و گوتی: "ئێمە بەرپرسارانە وەڵامی رووسیا دەدەینەوە. چوار یەکەی سەربازیی لە رۆژھەڵات جێگیر دەکەین. ئاستی ئامادەکاری ھێزەکانمان زیاتر دەکەین. ئەو کارانەی بۆ سنووردارکردن و بە مەبەستی بەرگریکردن دەکەین".
ستۆلتنبێرگ لە کۆتایی قسەکانیدا روونی کردەوە کە بۆ رێگریکردن لە ھەر رووداوێکی نەخوازراو و ئاسایشی ئاسمانی لە پەیوەندیدان لەگەڵ رووسیا و گوتی: "رووسیا لە لووتکەی مانگی تەمووزی رابردوو ژمارەیەک پێشنیازی پێشکەش کرد و ناتۆش وەڵامی دایەوە و ئێستاش لەبارەی پێشنیازەکانی میکانیزمی ئەگەر و دابەزاندنی ئاستی مەترسەکان دانوستان لە ئارادایە. ئێمە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ناتۆ-رووسیا ئامادەین ئەو بابەتە بەرەو پێش ببەین".