Zafer Fatih Beyaz
20 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2021
ئابوجا- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند بەردەوام دەبن لە ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەرپرسانی نێجیریا دەربارەی بەردەوامی چالاکییە نایاساییەکانی فەتۆ لەو وڵاتەدا.
دوای ئەوەی ئەردۆغان و هاوتا نێجیرییەکەی، محەمەد بوخاری لە رێوڕەسمێکدا چەند رێککەوتننامەیەکی هاوبەشیان واژوو کرد، لە کۆشکی کۆماری نێجیریا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ساز کرد.
ئەردۆغان لە میانی گوتەیەکدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە دوای پێنج ساڵ جارێکی دیکە سەردانی نێجیریای کردووە و سوپاسی گەل و سەرکۆماری ئەو وڵاتەشی کرد.
سەرکۆماری تورکیا باسی لەوەش کرد کە لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری نێجیریا چاویان بە تەواوی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا خشاندووەتەوە و رایگەیاند: "باسمان لەوە کرد کە چۆن دەتوانین پەیوەندییەکانمان لە هەموو بوارێکدا بەرەوپێش ببەین. خۆشحاڵیشبووین بەوەی کە هەردوولامان هاوڕاین لەسەر قوڵکردنەوەی هەماهەنگییەکانمان. ساڵی رابردوو قەبارەی بازرگانی نێوانمان گەیشتە دوو ملیار دۆلار. لەڕێی ئەم سەردانانەشمان بۆ کیشوەری ئەفریقا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ئەو کیشوەرە لەسەر بنەمای هاوپەیمانی ستراتیجی بەرەوپێش دەبەین".
- "هەماهەنگییەکانمان لە بوارە سەربازیی و ئەمنییەکاندا بەهێزتر دەکەین"
ئەردۆغان لە درێژەی گوتەکانیدا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ژمارەی باڵیۆزخانەکانی تورکیا لە وڵاتانی ئەفریقا گەیشتووەتە ٤٣ باڵیۆزخانە و رایگەیاند: "لە ٢١-٢٢ی تشرینی یەکەمدا سێیەم کۆڕبەندی تورکیا-ئەفریقا لە شاری ئیستانبوڵ ساز دەکەین. دواتر لە ١٧-١٨ی کانوونی یەکەمدا سێیەم لووتکەی هاوپەیمانی تورکیا-ئەفریقا هەر لەو شارە ساز دەکەین".
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشدا کە لە نزیکەوە چاودێری بەرەوپێشچوونەکانی نێجیریا دەکەن و گوتیشی: "هەماهەنگییە سەربازیی و ئەمنییەکانمان لەگەڵ نێجیریا بەهێزتر دەکەین کە لە هەمان کاتدا رووبەڕووی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و چەتە چەکدارەکان دەبینەوە".
ئەردۆغان جەختی لەوەش کردەوە کە لەگەڵ بەرپرسانی نێجیریا باسیان لە پێداگری تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کردووە و رایگەیاند: "لاتان ئاشکرایە کە لە تورکیا ساڵانێکی درێژە رووبەڕووی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە، پەیەدە، فەتۆ و داعش دەبێتەوە. بەردەوامیش دەبین لە ئاڵوگۆڕی زانیاریی لەگەڵ بەرپرسانی نێجیریا دەربارەی چالاکییە نایاساییەکانی فەتۆ کە لەو وڵاتە، درێژەیان هەیە".