Hemin Hüseyin
28 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2017
هەولێر - AA
لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، زانکۆی جیهان کۆنگرەیەکی لە ژێر ناونیشانی "کۆنگرەی نەخشە رێگای دەوڵەتی کوردستان لە روانگەی زانستەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی" ساز کرد کە تیایدا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون.
لە پانێڵی یەکەم کە بریتیی بوو لە باسکردن لەسەر دەوڵەتی کوردستان لە روانگەی لایەنە سیاسییەکان کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێمن هەورامی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەدنان موفتی و سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، کاوە مەحموود و کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، خەلیل ئیبراهیم.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەدنان موفتی گوتی: "بابەتی سەربەخۆیی کوردستان ئامرازێکە باوەڕ ناکەم کەس هەبێت رۆژێک ئەو ئاواتەی نەبووبێت، ئیرادەیەک هەبووە لەناو کورددا رەفزی داگیرکردنی کردووە، زوڵمکردن لە کورد دوای جەنگی یەکەمی جیهانی کراوە و ئێستاش ئیرادەیەکی تازە هاتووەتە پێش کە هەموو کورد پێویستە بەشداربێت، هیچ پارتێک نییە لەگەڵ سەربەخۆیی نەبیت بەڵام هەندێکیان داواکاریان هەیە و پێیان وایە کە سەربەخۆیی کۆمەڵێک پێداویستی هەیە و ئێمەش پشتگیری لە داواکارییەکان دەکەین، هەموومان بەدوای ئەوەین کە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەین، وەکو دژایەتی گەندەڵی و سەرەوەری یاسا و سەقامگیری و ئارامی و کۆمەڵێک بابەتی دیکە، پێویستە هەموومان هاوکاربین و دەوڵەتێکی بەهێزمان هەبێت چوکە بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی دەبێت حکوومەت بیکات، ئەمجارەش دەرفەتێکی گەورە هاتووتە پێش و نابێت بە هەندێک داواکاری تێکەڵاوی بکەین چونکە دەرفەتەکە رەنگە دووبارە نەبێتەوە، پشتیگیری لە ریفراندۆم ئەرکێکی نیشتمانییە و دەبێت یەک دەنگی خۆمان بپارێزین".
عەدنان موفتی گوتیشی: "ئەوانەی دەڵێن نەخێر داوای خۆشگوزەرانی و سەروەری یاسا دەکەن، سەبارەت بە شاری سلێمانیش دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ٩٠ ساڵ پێش ئێستا، سلێمانی دەنگی نەدا بۆ راپرسییەک چونکە بۆ سەربەخۆیی نەبووە".
موفتی رونیشکردەوە کە دەوڵەتان سەریان سوڕماوە کە گەلێک دوو ھەزار ساڵە تێدەکۆشێت دژ بە داگیرکەران و لەسەر پێی خۆشی ماوە و داوای سەربەخۆیی دەکات.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەدنان موفتی باسی لەوەشکرد کە ئەو ھەلومەرجانەی دێنە پێشەوە پێویستە یەکڕیزی ناوخۆیی بپارێزین بۆ زامنکردنی مافەکان.