Abdullah Shukur,Mazın Asad
15 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2017
جنێڤ - AA
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا رایگەیاند کە گەڕی هەشتەمی دانوستانەكانی جنێڤ تایبەت بە سووریا کە لە ٢٨ی تشرینی دووەم دەستیپێکردبوو، بە سەرنەکەوتوویی کۆتایی ھاتووە. گوتیشی: "سەرکەوتوو نەبووین، دەرفەتێکی زێرینمان لەدەستدا".
دی میستورا لە دوا رۆژی گەڕی ھەشتەمی دانوستانەکانی جنێڤ تایبەت بە سووریا کە لە ٢٨ی تشرینی دووەم دەستیپێکردبوو، بە جیا لەگەڵ ھەریەک لە شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و رژێمی ئەسەد کۆبوویەوە.
دی میستورا لە دوای کۆبوونەوەکان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ئەنجامدا و راشیگەیاند کە لەوەتەی ٢٨ی تشرینی دووەم، ١١ کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئۆپۆزسیۆن و حەوت کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی رژێمی ئەسەد ئەنجامداوە.
دی میستورا راشیگەیاند کە چوار پرسی جیای ئۆپۆزسیۆنی سووریا وەک گواستنەوەی راگوزەری سیاسی، دەستوور، ھەڵبژاردنەکان و تیرۆرزم تاوتوێی لەسەر کراوە و شاندی رژێمی سووریاش تەنھا جەختیان لەسەر پرسی تیرۆریزم کردووەتەوە.
دی میستورا رایگەیاند گەڕی ھەشتەمی کۆبوونەوەکانی جنێڤ بە سەرنەکەوتوویی کۆتایی پێھات و گوتیشی: "نەمانتوانی سەرکەوتن بەدەست بھێنین. ھەڵێکی زێڕێنمان لەدەست دا".
لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا کۆبوونەوەکان بەردەوام یاخود نا، دی میستورا گوتی: "جێگرەوەکانی دیکە چییە؟ وەڵامم بەڵێیە. پلانمان وایە لە مانگی کانوونی دووەم کۆبوونەوەکان دەست پێ بکەین".
-"وەڵامێکی قایلکەرم لە جەعفەری وەرنەگرت"
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی پرۆسەی گواستنەوەی نەخۆش و بریندارانی غوتەی رۆژھەڵاتی ژێر گەمارۆی رژێمی ئەسەد، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا رایگەیاند: "بەڵێ لەگەڵ جەعفەری(سەرۆکی شاندی رژێم) گفتوگۆمان لەسەر ئەم بابەتە کرد، بەڵام لەبارەی چارەسەرکردنی پرسەکە وەڵامێکی قایلکەرم لەو وەرنەگرت".