Salim Hemexan
13 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2018
ھەڵەبجە – AA
سەرۆکی گرووپی پارێزەرانی نێودەوڵەتی، گاڤریل میرۆن لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا وردەکاریی بەڵگەنامەکانی دەستکەوتووی لەسەر کۆمپانیاکانی فرۆشیاری چەکی کیمیایی و ماددەکانی سەرەتایی بۆ دروستکردنی چەکی کیمیایی لە ھۆڵی مۆنۆمێنتی یادگاریی ھەڵەبجە خستە روو، ئەمەش دوای ئەوەی لە دادگای ھەڵەبجە لائیحەی یاسایی بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر کۆمپانیاکان پێشکەشی دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای ھەڵەبجە کرد و بە فەرمیی دادوەر واژووی لەسەر وەرگرتنی سکاڵاکە کرد.
سەرۆکی گرووپی پارێزەرانی نێودەوڵەتی گوتی: "لە ئێستادا توانیمانە سکاڵای یاسایی لەسەر سێ کۆمپانیای فەڕەنسی لە دادگای ئەو وڵاتە تۆمار بکەین بۆ دادگاییکردنیان و وەرگرتنی ملیۆنەھا دۆلار قەرەبوو بۆ قوربانیان و زیان لێکەوتوانی ئەو چەکە کیمیاییانەی کە فرۆشتوویانەتە رژێمی پێشووی عێراق و لە جینۆسایدکردنی خەڵکی ھەڵەبجە و ناوچە کیمیابارانکراوەکانی تری کوردستاندا بەکاری ھێناوە".
گوتیشی: "ھاوکات ئێستا قۆناغی لێکۆڵینەوەی خۆمان لەسەر چوار کۆمپانیای ئەڵمانی فرۆشیاری چەکی کیمیایی بە رژێمی پێشووی عێراق تەواو کردووە و ئامادەیە پێشکەشی دادگای ئەڵمانی بکرێت، تا بتوانین لە رێی دادگاوە قەرەبوو لەوانیش وەربگرین".
گاڤریل میرۆن زیاتری گوت "ئێمە لە لێکۆڵینەوەکانماندا ھەزاران بەڵگەنامە و سەدان ھەزار لاپەڕە زانیاریمان دەستکەوتووە و پێشکەشی دادگای ئەو وڵاتانەی دەکەین کە کۆمپانیاکانیان بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، چ بە زانین یان بە بێ ئاگایی لەوەی ماددە کیمیاییەکان بۆ چ مەبەستێک بەکار دەھێنرێن، فرۆشتوویانە بە رژێمی سەددام حسێن و لە جینۆسایدی گەلەکەیدا بەکاری ھێناوە".
سەرۆکی گرووپی پارێزەرانی نێودەوڵەتی گوتیشی:" لە ئێستادا بەڵگەی فەرمیمان لەسەر ٢٥ کۆمپانیای ژمارەیەک لە وڵاتە جیاوازەکان دەستکەوتووە، کە سێ کۆمپانیای فەڕەنسی و چواری ئەڵمانین و ئەمڕۆ ئێمە سکاڵای یاساییمان لەسەر ئەو کۆمپانیایانە لە دادگای ھەڵەبجە تۆمار کرد، تا بە شێوەیەکی فەرمی دادگا بانگھێشتی ئەو کۆمپانیایانە بکات و لە ھەڵەبجە دادگایی بکرێن لەسەر ئەو تۆمەتانەی بە پێی بەڵگەنامەکان ئاراستەیان دەکرێت".
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ ھاتینە دادگا و پشتگیری راستەوخۆی کەسوکاری شەھیدانمان بۆ پارێزەرەکانمان دەربڕی تا بە پلەی یەکەم کۆتایی بەجینۆسایدی مرۆڤ بھێنرێت لە سەرتاسەری جیھاندا بە ھۆی چەکی کۆمەڵکوژ و دواتریش بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوانی چەکی کیمیایی کە سیی ساڵە گیرۆدەی دەستی ئەو تاوانەن".