Lejla Biogradlija
11 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2023
سرێبرێنیتسا - AA
یادی ٢٨ەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی سرێبرێنیتسا کرایەوە کە لە ئاکامی ئەو کۆمەڵکوژییەدا زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتیی مەدەنیی بۆسنیایی بەشێوەیەکی دڕندانە لە تەمووزی ١٩٩٥ لە شاری سرێبرێنیتسا رۆژهەڵاتی بۆسینا و هەرزەگۆڤینا کوژران.
ئەندامی بۆسنیایی لە ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی بۆسنیا و هەرزەگۆڤینا، دەنیس بێجیرۆڤیچ و ئەندامی کرواتیایی ئەنجوومەنەکە، زێلژکۆ کۆمسیچ، سەرۆکوەزیرانی مۆنتینیگرۆ، دریتان ئاڤازۆڤیج؛ وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی و خێزان-ی تورکیا، ماهینار ئۆزدەمیر گۆکتاش؛ پەرلەمانتاری بازنەی بورسا لە پەرلەمانی تورکیا و سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی لەنێوان پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانی بۆسنیا و هەرزەگۆڤینا، رەفیق ئۆزەن؛ باڵیۆزی تورکیا لە سارایێڤۆ، سادق بابور گیرگین و سەرۆکی دامەزراوەی رێکخستنی رێوڕەسمەکانی بیرەوەری سرێبرێنیتسا، هامدیژا فێژزیج و ژمارەیەکی زۆر لە بانگهێشتکراوان بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کرد.
دەنیس بێجیرۆڤیچ لە میانی رێوڕەسمەکەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ٢٨ ساڵە دایکانی سرێبرێنیتسا لە پێناو دادپەوەریدا تێدەکۆشن، گوتی: "ئەم دایکانە شایستەی هەموو جۆرە رێزلێگرتنێکن. نەتەوە یەکگرتووەکان دانی بەو هەڵانەدا ناوە کە لە کاتی جەنگدا ئەنجامی داون".
وەزیری دەرەوەی بولگاریا، ماریا گابرێل بە ئاماژەدان بەوەی کە نەدەبوو ئەم کۆمەڵکوژییە رووی بدابووایە، گوتی: "هەرگیز ئەو رووداوانەی لە سرێبرێنیتسا روویان دا لەبیر ناکرێن".
- لە سرێبرێنیتسا چی رووی دابوو؟
هەرچەندە لە میانی جەنگی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینادا، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شاری سرێبرێنیتسای وەک "ناوچەی ئارام" راگەیاندبوو، بەڵام لە ١١ی تەمووزی ١٩٩٥دا، یەکەکانی سەربە فەرماندەی سربیایی، راتکۆ ملادیچ شارەکەیان داگیر کرد.
لە کاتی داگیرکارییەکەدا، ئەو هاووڵاتییە مەدەنییە بۆسنیانەی پەنایان بردبووە بەر سەربازانی هۆڵەندی سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رادەستی سەربازە سربییەکان کران.
هەشت هەزار و ٣٧٢ هاووڵاتی مەدەنی بۆسنیایی بە پاس و بارهەڵگر برانە ناو دارستان، کارگە و عەمبارەکان و بێبەزەییانە کۆمەڵکوژ کران و تەرمی قوربانییەکانیش لە ناوچە جیاجیاکانی بۆسنیا بەشێوەی گۆڕی بەکۆمەڵ خرانە ژێر خاکەوە.
دوای جەنگیش گەڕان بەدوای تەرمی قوربانییەکانی کۆمەڵکوژییەکە دەستی پێ کرد و ئەو قوربانییانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دەدۆزرێنەوە و ساڵانە لە ١١ی تەمووزدا دەبرێتە گۆڕستانی مۆنۆمێنتی پۆتۆچاری و لەوێ بەخاک دەسپێردرێن.
تا ئێستاش شەش هەزار و ٧٥١ قوربانی لەو گۆڕستانەدا بەخاک سپێردراون.