Ata Ufuk Şeker
12 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2022
برۆکسل - AA
یەکێتی ئەورووپا ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی ئەندامێتی رووسیا لە دامەزراوەکانی دارایی نێودەوڵەتیی ھەڵپەسێرێت، ھەناردەی سامانی گرانبەھا رابگرێت، رێگری لە ھاوردەکردنی سێکتەری ئاسن بکات و سزا بەسەر کەرتی وزە و ژمارەیەک بەرپرسی ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین لەبارەی چوارەمین پاکێجی سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا بەھۆی جەنگی ئۆکراینا، لێدوانێکی دا.
ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین باسی لە بەردەوامیی ھێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا کرد و رایگەیاند کە رووسیا تاکو ئێستا جددی نییە لە دانوستانەکان بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماتی بۆ کێشەکە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ئەوەشی خستەڕوو کە رووسیا رێڕەوی مرۆیی نەکردووەتەوە یان لە پاش کردنەوەی ئەو رێڕەوانە بۆ ماوەیەکی کورت دەستی بە بۆردومانی ئەو ناوچانە کردووە.
ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین راشیگەیاند کە یەکێتی ئەورووپا و ھاوبەشانی G7 ھەوڵ دەدەن، بەمەبەستی زیاترکردنی گوشاری ئابووری بۆسەر ئیدارەی کرملین، تا ئێستا سێ پاکێجی سەپاندنی سزایان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.