هه‌ولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی پارێزگای هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، ئارام برادۆستی رایگەیاند كه هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ئه‌مجاره موفاجه‌ئه‌ی نوێی تیادا بوو، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه تا ئێستا چه‌ند سكاڵایه‌ك به‌ده‌ست كۆمیسیۆنی عێراق گەیشتووە کە سکاڵاکان لە چوارچێوەی سکاڵای زەرد و سەوزدان و لە چوارچێوەی سکاڵا سوورەکاندا نیین و سکاڵای زەرد و سەوز کەمتر کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ده‌بێت.
یاساناس ئارام برادۆستی له چاوپێكه‌وتنێكی ئاژانسی ئانادۆڵو له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنەکانی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه رۆژی ١٠ی ئه‌م مانگه ئه‌نجامدرا گوتی: ''ئەم ھەڵبژاردنە بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی دیکە، زۆر سەرکەوتوو بوو، دەتوانین بڵێین لە مێژووی عێراق لە رووی پاکییەوە بە یەکێک لە هه‌ڵبژاردنه ده‌گمه‌نه‌كان دادەنرێت، راستە لە ساڵی ٢٠١٨ ھەڵبژاردنێک لە عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام ئەوکات کۆمەڵێک سەرپێچی ھەبوو كه بووە ھۆی ئەوەی کە قەوارە سیاسییەکان تانە لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بدەن و لیژنەی پێداچوونەوە بۆ ئەنجامەکان پێک‌بێت کە تیایدا کۆمەڵێک گیروگرفت ھەبوو، بەڵام دواتر ئه‌نجامه‌كه پەسەند کرا''.
گوتیشی: ''هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مجاره بەشێوەیەکی زۆر سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو، راستە ھەندێک گرفت بۆ دەنگدەر دروست بوو لە ئامێرەکان، بەڵام ئەوەی جێگای خۆشحاڵی بوو توانرا دوای ماوەیەک چارەسەر بکرێت، ئەوەی مایەوە ھەندێک لە دەنگدەران نەیدەتوانی دەنگ بدات جا ھۆکارەکە پەیوەندی بە نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر یان پەیوەندی بە نەبوونی ئەزموونێکی تەواو لەلایەن فەرمانبەرانەوە هه‌بوو''.
بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی پارێزگای هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی لە هەرێمی کوردستان بۆچوونی وایه كه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌نجامێكی سه‌د له سه‌دی قه‌واره سیاسییه‌كانه و رایگەیاند ''كۆمیسیۆن پابه‌ند بوو به‌پێی یاسا ئه‌نجامه به‌راییەکان له ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا ئاشكرا بكات، راستە ھەندێک قسە ھەیە لەسەر ئەنجامەکان، بەڵام بە بۆچوونی من ئەنجامێکی سەد لە سەدی قەوارە سیاسییەکانە''.
ئارام برادۆستی ئه‌وه‌شی خستەڕوو كه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی په‌یوه‌ست بوو به‌م هه‌ڵبژاردنه و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی سەربە نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش بڕیاری دا كه وڵاتان چاودێرییه‌كی چڕی پڕۆسه‌كه بكه‌ن و گوتی: ''یەکێک لە خاڵە گرنگه‌كان ئه‌وه بوو كه کۆمەڵگای نێوده‌وڵه‌تیی زۆر موھتەم بوو بەم ھەڵبژاردنە، بە بەڵگەی ئەوەی کە ئه‌م هه‌ڵبژاردنه لە ئەنجوومەنی ئاسایش باس کرا و بڕیاری پێدەرچوو کە وڵاتان چاودێرییەکی چڕ و پڕ لەسەر پڕۆسەکە بکەن، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ ھەموو لایەنەکان تا ئەو ئاستەی کە ئاگادارکردنەوەیەکی باشی کردوونە کە دەبێت ئەم پڕۆسەیە بە پاکی بەڕێوەبچێت و چاودێری زۆریش ھەبوون لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی لە ئەمریکا، وڵاتانی عەرەبی، رووسیا و یەکێتیی ئەورووپا، بۆیە ھەموو ئەو پێوەرانەی پاکیی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی تیادابوو، بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی کە لە یاساکەدا جێگیرکراوە دەبێت لە ھەر بنکەیەک، یەکێک لە وێستگەکان دووبارە ژماردنی دەستی بۆ بکرێت و ئەمەش کرا و رێژەی وەک یەک نەبووی ئەنجامەکان لە سەدا پێنج تێپەڕی نەکرد''.
دكتۆر ئارام برادۆستی گوتیشی: ''یاسای ژمارە نۆی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌رچوو، یەکێک لە باشییەکانی ئەم یاسایە ئه‌وه بوو كه عێراقی دابەشکرد بەسەر ٨٣ بازنەدا کە پێشتر ١٨ بازنە بوو، بە بۆچوونی من کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەیویست گۆڕانکارییەک لە پێکھاتەی ئەنجوومەنی نوێنەران دروست بکات، بە راستیش ئەگەر سەیری بکەین داتا‌کان پێمان دەڵێن گۆڕانکاریی گەورە دروست بووە، بۆ نموونە سەدر کە لە رابردوودا ٥٠ و ھەندێک کورسی ھەبوو، ئێستا بووەتە ٧٧ کورسی و کوتلەکانی دیکە ھەندێک رووی لە کەمی کردووە. لە ھەرێم بەھەمانشێوە چاوەڕوان دەکرا ھاوپەیمانی کوردستان و بە دیاریکراویش بزووتنەوەی گۆڕان كورسی بەدەست بھێنێت، بەڵام نەیتوانیووە بگاتە ھیچ کورسییەک، لەبەرامبەردا پارتی و نەوەی نوێ ژمارەی کورسییەکانییان بەرزبووەتەوە بۆیه ھەتا ئاستێک موفاجەئەی تیادابوو، ئەوەی نەوەی نوێ لە کوردستان و تەقەدووم بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی لەسەر ئاستی عێراق کە ٤١ کورسی بەدەستھێناوە بێگومان ئەمە موفاجەئەیە''.
به‌بۆچوونی بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی پارێزگای هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، هه‌ڵبژاردن دوای هه‌ڵبژاردن رێژه‌ی به‌شداربووان كه‌متر ده‌بێته‌وه و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه ئه‌گه‌رچی له‌م هه‌ڵبژاردنه به‌شێك له ده‌نگده‌ران هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت و نه‌چوونه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، به‌ڵام هه‌ندێك له قه‌واره سیاسییه‌كان به‌هۆی ستراتیجییەتی حزبهكانییانهوه كورسییه‌كانیان زیادی كردووه و گوتی: ''له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا رێژەی بەشداریکردن کەم بوو، ئەمەش بە بۆچوونی من سێ حاڵەت بووە، ھەرچەنده لەنێوان دوو ھەڵبژاردندا رێژه‌ی به‌شدارییكردن کەم دەبێت، به‌ڵام خاڵێكی دیكه پەیوەندی بە ئەلیکترۆنییەوە ھەبوو کە ئەمە وای کرد بەشێک لە دەنگدەران دەنگ نەدەن و بەشێکی زۆریش ھەڵوێستیان وەرگرت و بەشدارییان لەم ھەڵبژاردنە نەکرد، هاوكات ھەندێک لە قەوارە سیاسییەکان کورسییەکانیان زیادی کردووە و ئەمەش په‌یوه‌ندی بەو ستراتیجییەتەوە ھەیە کە حزبەکە دەیکات بۆ دابەشبوونی کاندیدەکان''.
گوتیشی: ''ئێستا کۆمیسیۆن لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و دواتر کە پڕۆسەکە تەواوبوو، سەرکۆمار داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە، دواتر ئەو ھێزە دەرەکییانەی كه کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی عێراق ھەیە، به‌ڵام ئەوەی تا ئێستا براوەن بریتیین له کوتلەی سەدر لە شیعەکان و محەمەد حەلبوسی لە سوننەکان و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن. پێشبینی دەکەم ئەوانە دەچنە ناو ھاوپەیمانییەتییەکەوە و ئەوەی کە زانیاری ھەیە سەدرییەکان ئەگەر بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپێردرێن پێیان وایە دەبێت حکوومەت هاوپەیمانیی بێت، بەڵام کەمترین هاوپەیمانی، بێگومان ئەوانەی کاریگەرییان ھەیە ئەوان بەشدارییان پێ ده‌كرێت''.
حکوومەتی داهاتوو و ئەرکەکانی، کە کاریگەری لەسەر هەموو کەرتە گشتی و تایبەتییەکان دەبێت و رێگری دەکات لە دەستوەردانی هێزە نایاسایی و چەکدارەکان لە کاروباری جۆراوجۆرەکان، لەوانە دەستوەردان لە کاروباری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، تەوەرێکی دیکەی باسی بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی پارێزگای هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی لە هەرێمی کوردستان بوو. دکتۆر ئارام برادۆستی لەم بارەیەوە هیوادارە حکوومەتی داهاتوو حکوومەتێکی بەهێز بێت و کۆنترۆڵی دام ودەزگا سەربازییەکان بکات و گوتی: ''پێشبینیکردن بۆ داھاتووی عێراق کەمێک قورسە، چونکە ئەوانەی ئێستاش کە پێکھاتەی پەرلەمان پێکدەھێنن پێشتر وجوودیان ھەبووە و ئەم عێراقەش ھەبووە، بۆیە دەبێت حکوومەتێکی بەھێز لە عێراق ھەبێت و ئەم حکوومەتە کۆنترۆڵی ھەموو دامودەزگا سەربازییەکان بکات و ھیچ کەسێک لە دەرەوەی ئیرادەی حکوومەت نەبێت، بە تایبەت کە کۆمەڵێک ھێز لە ده‌رەوە دەستوەردان لە بارودۆخی عێراق دەکەن، بۆیە ھیوادارین حکوومەتی داھاتوو حکوومەتێکی بەھێز بێت''.
ئارام برادۆستی سه‌باره‌ت به ژماره و جۆری سكاڵای قه‌واره سیاسییه‌كان له‌سەر پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئەنجامە بەراییەکانی تۆماریان کردووە گوتی: ''ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران لیژنەی داناوە و دەرفەت دراوە بە ھەموولایەک بۆ ئەوەی سکاڵا پێشکەش بکات و دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كە سکاڵاکە چەند بەھێزە، ئەوەی من بینیم کۆمیسیۆن رایگەیاندووە کە ٧٤ سکاڵایان بەدەستگەیشتووە کە سکاڵاکان لە چوارچێوەی سکاڵای زەرد و سەوزدان و لە چوارچێوەی سکاڵا سوورەکاندا نیین، سکاڵای زەرد و سەوز کەمتر کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان هەیه و سەوزەکە لێکۆڵینەوەیەکی سادەی لێ دەکرێت''.
news_share_descriptionsubscription_contact

