Zana Natık Kerem
23 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2017
نەینەوا ــ AA
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی قادیمون یا تەلەعفەر، فەریق روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا رایگەیاند كە هێزەكانیان گەڕەكەكانی كیفاح لە باشوور و تەنەك لە رۆژهەڵاتی شاری تەلەعفەریان كۆنتڕۆڵكردەوە.
لە بەیاننامەیەكدا كە شانەی راگەیاندنی جەنگی سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاوی كردووەتەوە كە لە میانی پێشڕەوییەكانیاندا، هێزەكانی دژە تیرۆر گەڕەكی كیفاح-یان لە باشووری شاری تەلەعفەر كۆنتڕۆڵكردەوە.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی قادیمون یا تەلەعفەر ئاماژەی بەوەشدا كە هێزەكانی فیرقەی ٩ی زرێپۆشی سوپا لەگەڵ لیواكانی دوو، ١١ و ١٢ی حەشدی شەعبی گەڕەكی تەنەك-یان لە رۆژهەڵاتی تەلەعفەر كۆنتڕۆڵكردەوە.
عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا راشیگەیاند كە هێزەكانیان ئاڵای عێراقییان لەسەر خانووەكانی ناو گەڕەكەكەدا بەرزكردەوە.
فەرماندەكە هەروەها باسی لەوەش كرد كە لە میانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی دوو گەڕەكەكەدا، داعش زیانی زۆری گیانی داوە.
لە لایەكی دیكەوە ئەفسەر لە هێزەكانی سوات، خالید سوهەیل ناسری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند كە لە میانی شەڕ و پێكدادانەكانی گەڕەكی نەسر، نوور و تەنەك، ٣٠ چەكداری داعش كوژراون و سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو تەقێندراونەتەوە.
تا ئێستا هێزە عێراقییەكان گەڕەكەكانی كیفاحی باكوور، كیفاحی باشوور و نور و تەنەك-یان لە رۆژهەڵاتی تەلەعفەر كۆنتڕۆڵكردووەتەوە.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەرعەبادی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بە بەشداری هێزەكانی سوپا، دژە تیرۆر، پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی راگەیاندبوو كە ئەمڕۆ سێشەممە بۆ سێیەم رۆژە ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوامە.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا، پشتیوانی ئاسمانی لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دابینكراوە.