دوای ئەوەی چەندجارێك بە گوللە هاوەن و رۆكێت سوپای ئیسرائیل لەسەر سنوری لوبنان رووبەرووی هێرش بوونەوە، ئیسرائیل وڵاتی لوبنانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتباركرد و گرژی دروستبوو.
هێزی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان UNIFIL كە بۆ پاراستنی ئاشتی لەو سنورە بڵاوكراونەتەوە، هەوڵێ بەكۆتاییهێنانی گرژی سنووری لوبنان و ئیسرائیل بهێنن و بەگوێرەی هەواڵێكی رادیۆی دەنگی سوپای ئیسرائیل، بەرپرسانی هێزە ئاشتیپارێزەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دوای رووداوەكە یەكسەر گەیشتوونەتە شوێنەكەو هەوڵی راگرتنی گرژییەكانیان داوە.
لەلایەكی دیكە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل مۆشێ یاڵۆن ئەو دەستڕێژیانەی سەر سنوور و هێرشكردنە سەر سوپای ئیسرائیل دەخاتە ئەستۆی سوپای لوبنان و حكومەتەكەی.
یاڵۆن گوتی: "با هیچ كەس و لایەنێك هەوڵی تێكدانی ئاسایش و ئارامیی ئیسرائیل نەدا چونكە خۆی زەرەرمەند دەبێ."
لەم دواییەدا چەندین مووشەك ئاراستەی سوپای ئیسرائیل و پاسەوانانی سنوورەكەی كراوە و سوپای ئیسرائیلیش چەند جارێك بە گوللە هاوەن بەرپەرچی كوێرانەی داوەتەوە.
تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانەی رانەگەیاندووە.