Rawan Subhi Obaidullah
27 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2022
دهۆك - AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحما خەلیل رایگەیاند کە راسپێرداو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بەڵێنی پێداون، پرسی شنگال بخاتە ناو کارنامەی کابینەکەی، سەردانی شنگال بکات و کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بکات.
مەحما خەلیل لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دا کە ئێزدییەکان چاویان لە کابینەکەی سوودانی-یە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکات و گوتی: "کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی کابینەیەکی خزمەتگوزاریی دەبێت و کار بۆ نەھێشتنی گەندەڵی دەکات، ئێمەش وەکو پێکھاتەی ئێزدی داوامان لە سوودانی کردووە بە حەقیبیەکی وەزاریی پشتیوانی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات و ئێمەش وەکو ئێزدی قوربانییەکی زۆرمان داوە بە تایبەتی خەڵکی شنگال، پێویستە لەم کابینەدا نوێنەرمان لە وەزارەتەکان و دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراقدا ھەبێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە "لە بەرنامەی کاری وەزارییدا رێککەوتنی شنگالی تێدایە کە دەبێت ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، چونکە خاڵێکی دستووریی و قانوونییە و جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال داواکاری گەلێکە و داواکاری وڵاتە زلھێزەکانە، ئێمە لەو بڕوایەدان کە لەنێوان کوتلە سیاسییەکانی عێراق تەقەبوولێک ھەیە کە مافی ئێزدیی و خەڵکی شنگال جێبەجێ بکرێن".
محەمەد شیاع سوودانی رۆژی ١٣-١٠-٢٠٢٢، لەلایەن سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید بۆ پێکھێنانی حکوومەت راسپێردرا.
سوودانی لە رۆژی راسپاردنییەوە ٣٠ رۆژ کاتی ھەیە بۆ پێکھێنانی کابینەی حکوومەت کە چاوەڕوان دەکرێت لە ٢٣ وەزارەت پێکبێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحما خەلیل ئاماژە بەوەش دەکات کە دوو جار راسپێرداو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و جارێک سەرکۆماری عیراق، عەبدلـلەتیف رەشید-ی بینیووە، سوودانی و رەشید سۆزی پێداون کە سەردانی شنگال بکەن و ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شنگال بدەن.
مەحما خەلیل ئاماژە بەوەش دا کە ئەوان داوای دابینکردنی وەزارەتێکیان لە کابینەی سوودانی کردووە، بەڵام کێشەی ئێزدییەکان لە دابینکردنی وەزارەتێک گەورەترە و گوتی: "داواکاری ئێزدییەکان ئەوەیە کە جینۆسایدکراون پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە، کچ و کۆڕەکانیان لەلایەن داعشەوە رفێندراون داوای ئازادکرنیان دەکەین، داوای ھەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی ئێزدییەکان دەکەین، داوای گەڕاندنەوەی خەڵکی شنگال بۆ شوێنەکانیان دەکەین".
مەحما خەلیل گوتیشی: "داواکاریمان ئەوەیە ململانیێی سیاسیی نێو شنگال نەمێنێت و ئاشتی بۆ بگەڕێتەوە، داواکاریمان زۆرە، ئەمانە ھەموو بەرنامەن کە دەبێت چارەسەر بکرێن، سەرکوماری عێراق دەتوانێت رۆڵێکی گەورە ببینێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ئێزدییەکان و داوا بکات رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و لە بوودجەی ٢٠٢٣ی عێراق بوودجەیەکی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دابین بکرێت، دەتوانێت مەرسومێکی تایبەت دەربکات سەبارەت بە ناڵەباری کێشەی ئاوارەکانی ئێزدی کە پێویستە کێشەکانیان چارەسەر بکات".
دوێنی، محەمەد شیاع سوودانی داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دیاریی بکات بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنەکە و خستنەڕووی پێکھاتەی کابینەکەی و دەنگدان پێی.