سلێمانی ـ AA
بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ دوو لایەنی دیاری ئیسلامی هەرێمی كوردستان "یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان" كۆنگرەی گشتی ناوخۆی حزبەكانیان ئەنجام بدەن و لەناوخۆی خۆیاندا ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامی هەیە.
دیارترین پرسی ئێستای ئەم حزبانە كە جێگەی مشتوومڕ و گفتوگۆیە لە نێوان بەرپرسان و ئەندامان و چاودێرانی دەرەوەی هەردوو حزبەكەش، پرسی جیاكردنەوەی كاری بانگەواز و سیاسەتە لە حزب، ئەو پرسەی لە ماوەی كۆنگرەكانی رابردووی هەردوو حزب بووەتە جێگەی قسە و باس، بەڵام ئەوانەی هەڵگری داواكارییەكەن نەیانتوانییوە بڕوا بە ئەندامانی كۆنگرە بكەن بۆ ئەو گۆڕانكارییە.
بڕیارە لە مانگی كانونی یەكەمی داهاتوودا، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەشتەمین كۆنگرەی خۆی ئەنجام بدات، ئەم حزبە لە دوایین دوو هەڵبژاردندا (هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان) نیوەی دەنگ و كورسییەكانی لەدەستداوە و لەئێستاشدا لێكردنەوەی پاشگری ئیسلامی لە ناوی حزبەكە و شێوازی كاركردنی نوێی حزبەكە یەكێك دەبێت لە پرسە گەرمەكانی نێو ئەم كۆنگرەیەی ئەو حزبە.
ئەبوبەكر عەلی كاروانی پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بووە و لە كابینەی پێشووی حكوومەتی هەرێم پۆستی وەزیری دەوڵەتی هەبووە و لە كۆنگرەی پێشووی حزبەكەی ركابەری سەرەكی ئەمینداری یەكگرتوو، سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین بووە بۆ پۆستی كەسی یەكەمی حزبەكە، بۆ ئەم كۆنگرەیەش تا ئێستا تاكە كاندیدە كە كار بۆ خۆكاندیدكردنەوە و بەدەستهێنانی پۆستی ئەمینداری حزبەكە دەكات، رەنگە لە كۆنگرەی داهاتووشدا لەگەڵ ئەمینداری ئێستای یەكگرتوو بۆ بردنەوەی دەنگی زۆرترین ئەندامانی كۆنگرە جارێكی تر بكەونە كێبڕكێی یەكەوە.
ئەبوبەكر كاروانی ماوەی 15 ساڵە داوای مۆدێلێكی نوێی كاركردنی لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان بە گشتی و حزبەكەی بەتایبەتی دەكات، ئەو ئێستا سەركردایەتی داواكاری جیاكردنەوەی كاری بانگەواز و سیاسەت لە حزب و لێكردنەوەی پاشگری ناوی ئیسلامییە لە حزبەكەی.
- "گۆڕانكارییەکان داوای گۆڕانكاری لە شێوازی كاركردنی ئیسلامییەكان دەكات"
ئەبوبەكر عەلی كاروانی دەڵێت، مۆدێلی كاركردنی ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان بەسەرچووە و پێویستیان بە بەخۆداچوونەوە و گۆڕانكاری گەورە هەیە و گوتی:
"قسەكردن تەنها لەسەر پاشگری ئیسلامی نییە بۆ لایەنە ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵكو مۆدێلی كاركردنیانە لە هەرێم، ئەم لایەنانە سەرەتا پاشخانێكی دەعەوییان هەبووە و تەوژمێكی بانگخوازی و پەروەردەیی گشتی بوون، دواتر هاتوونەتە ناو گۆڕەپانی سیاسییەوە ئەمەش جۆرێك لە شێواوی بۆ دروستكردوون و ئەو گۆڕانكارییانەی لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و ناوچەكە و جیهان هەروەها بەسەر شێوازی كاركردنی ئیسلامییەكان و بەسەر تێگەیشتنی مرۆڤی كورد هاتووە بۆ كاری سیاسی و خزمەتگوزارییە دینییەكان، داوایان لێدەكات گۆڕانكاری بەسەر شێوازی ئیشكردنیان بهێنن ".
- "تێگەیشتنمان بۆ پرسی پاشگری ئیسلامی هەیە"
ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، ئەبوبەكر كاروانی باس لەو هۆكارانە دەكات كە باس لە پرسی پاشگری ئیسلامی لە حزبەكە بكەن و دەڵێت "تێگەیشتنمان بۆ پرسی پاشگری ئیسلامی هەیە" و باس لەوەیش دەكات کە ئاراستەی زاڵ لەناو یەكگرتوو ئەوەیە كە لەم كۆنگرەیەشدا ئەو پرسە ناتوانێت دەنگی پێویست بهێنێت و گوتی:
"پرسی گوڕینی ناو ئاماژەیەكە بۆ گۆڕینی شێوازی كاركردن، بۆ گواستنەوە لە قۆناغی ئیسلامی سیاسییەوە واتە ئیسلامییەك كە داوای حكومڕانی و دەوڵەتی ئیسلامی و پیادەكردنی شەریعەت و گەڕاندنەوەی خەلافەتی ئیسلامی دەكات، بۆ ئیسلامییەك كە بە باگراوندێكی ئیسلامییەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی مەدەنیدا بەڕێكەوتن لەگەڵ هێزەكانی تردا لەسەر دەستووری وڵاتەكە دەیانەوێت خزمەت پێشكەش بكەن و پارێزگاری لە ناسنامەی ئیسلامەتی كۆمەڵگەكەی خۆیان بكەن، بە مانایەكی تر ببنە ئیسلامی نیشتمانی دیموكرات كە دیارە ئێستا بەشێك لەو قۆناغەیان بڕیوە، بەڵام بەشێكی قۆناغەكەیان ماوە، لێرەوەیە كە تێگەیشتنمان بۆ پرسی پاشگری ئیسلامی هەیە.
ئێستا ئیسلامییەكان گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە دەكەن، نزیكەی 15 ساڵە ئەو گفتوگۆیە هەیە و ئێمە یەكەم كەس بووین كە ئەو پرسەمان پێشنیاز كرد لە هەرێمی كوردستان، پێموایە تا ئێستا بەداخەوە ئیسلامییەكانی كوردستان گفتوگۆكانیان لەمبارەیەوە نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست، هەروەها لەو باوەڕەدا نیم یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بتوانێت لەم كۆنگرەیەشدا دەست ببات بۆ ئەو پرسە و لە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەستیان بە گفتوگۆ و مشتومڕ كردووە لەسەر ئەوە و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ لێكردنەوەی پاشگری ئیسلامییە، نازانم تا چەند ئاماژە دەبێت بە گۆڕینی ناوەڕۆك كە بەدڵنیایییەوە بەشی خۆی كاریگەری دەبێت، پێشم وایە تەوژمێك لەناو حزبەكەدا هەیە كە رێگری لەوە دەكات، ناشزانرێت ئایا ئەوە سەرەنجام لە كۆنگرەی كۆمەڵی ئیسلامی چی لێدێت.
بەڵام ئەو ئاراستانەی ئێستا لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەیە ئەوەیە كە ئەمینداری یەكگرتوو دژی ئەو ئاراستەیەیە لەناو یەكگرتوو كە پێی وایە دەبێت یەكگرتوو وەك خۆی بمێنێتەوە لە چوارچێوەی فۆڕمە كۆنەكەدا، بەوەیش رەنگە نەتوانرێت لەم كۆنگرەیەدا لەناو یەكگرتوو ئەو ئامانجە بێتەدی و لە هەموو حاڵەتێكدا مشتوومڕی فیكری و سیاسییەكان بەردەوام دەبێت، چونكە بەشێكە لەو گۆڕانكارییانەی بەسەر كۆمەڵگە و تێگەیشتنی خودی ئیسلامییەكان و كۆمەڵگەش هاتووە و دێت".
- "تا ئێستا بڕیاری كۆتایم نەداوە لەسەر خۆكاندیدكردن و لە راوێژدام"
ئەبوبەكر کاروانی سەبارەت بە بڕیاری خۆكاندیدكردن و كێبڕكێی بەدەستهێنانی پۆستی ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، هەروەها ئەو هۆكارانەی لە پشت مكوڕبوونیەوەیەتی بۆ چوونەوە نێو كێبڕكێنان و هەوڵدان بۆ سەركەوتنی وەك كەسی یەكەمی حزبەكە دوا و گوتی:
"بڕیاری كۆنگرە دیاریكراوە و سەركردایەتی یەكگرتوو دیارییكردووە كە لە مانگی 12 دایە، من تا ئێستا بڕیاری كۆتایم نەداوە و خەڵكێك هەیە لەناو یەكگرتوودا كە راوێژی لەگەڵ دەكەین و هەڵوێستەكان هەڵدەسەنگێنین، بزانین گۆڕانكارییەكان چی دەبێت و چی نابێت، ئێمە چیمان پێویستە بیكەین، پێویستە من خۆم هەڵبژێرم یان خۆم هەڵنەبژێرم، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا دەست لە خەونی گۆڕانكاری و دووبارە بیناكردنەوە و دامەزراندنەوەی ئیسلامییەكانی كوردستان بەهیچ جۆرێك هەڵناگرم.
لە كۆنگرەی پێشووی یەكگرتوو بە ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، مامۆستا سەڵاحەددین-م گوت كە من بۆ پڕۆژەیەك خۆم دەپاڵێوم و ئەوەم پێڕاگەیاند كە ئەگەر ئامادەبێت تەبەنی ئەو پڕۆژەیەی من بكات و لە میانی سێ ساڵدا كاری پێ بكات و زەمینە ساز بكات بۆ ئەو ئاڵوگۆڕەی من دەمەوێت بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا بە سروشتی تر لەدایك ببێت، ئەوا من ئامادەم واز لە خۆپاڵاوتن بهێنم، بەڵام دیارە ئەو نەچووە ژێر داواكەی ئێمەوە هەرچەندە باسی لەوە كرد كە پڕۆژەكە پێویستە و یەكگرتوو پێویستی بە گۆڕانكاری هەیە".
- "مۆدێلی توركی نزیكترین مۆدێلە لە ئێمەوە"
ئەو سەركردەیەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ شێوازی كاركردنی نوێی لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان زیاتر سەرسامە بە مۆدێلی توركی و مالیزی و داواش دەكات سوود لە مۆدێلی تونسی و مەغریبی وەربگیرێت، لەو بارەیەوە گوتی:
"دەتوانین سوود لەهەر یەك لە مۆدێلە نوێیەكانی دەرەوە وەربگرین بە جێپەنجەیەكی نیشتمانی خۆمانەوە و بە هەناسەیەكی خۆماڵییەوە، مەرج نییە هیچ مۆدێلێك فۆتۆكۆپی بكرێتەوە، بەڵام پێموایە مۆدێلی توركی نزیكترین مۆدێلە لە ئێمەوە، لەبەر ئەوەی ژێرخانی مۆدێلی توركی بزووتنەوەی نورە كە لە لایەن زانایەکی ئایینی كورد رێبەرایەتی كراوە و بە هەناسە و عەقڵێكی كوردییەوە ئیسلامێكی جوانی كۆمەڵایەتی ناسیاسی لە قۆناغێكدا پێشكەش كردووە كە لە دواتردا بووەتە ژێرخانی پڕۆژەیەكی سیاسی گرنگ و سەركەوتوو بۆ بەیەكەوە سازانی مۆدێرنە و دیموكراسی لەگەڵ ئیسلام و ئیسلامی سیاسی و گونجاندن لە چوارچێوەی دەوڵەتی هاوچەرخدا، هەروەها تێنەپەڕاندنی ئەو دەوڵەتە وەك ئیسلامی عەرەبی لە هەمانكاتدا دەتونین سوود لە نەهزەی تونسی وەربگرین و یەكگرتوو بكەین بە حیزبێكی سیاسی و لێگەڕێین خەڵك بۆخۆی كاری دەعەوی بكات. من پێموایە ئەزموونی تونسی و مەغریبییەكان دەتوانرێت زۆرتر سوودی لێوەربگیرێت، بەڵام لە راستیدا ئەوەی سەركەوتووە ئەزموونی توركەكان و مالیزییەكانە لە پەیوەندی نێوان ئیسلام و دیموكراسی و مۆدێرنە و دەوڵەتی هاوچەرخ".
-"ئەم جۆرە شێوازەی كاركردنی ئیسلامییەكان كۆنە و كۆمەڵگە و قۆناغەكە تێی پەڕاندووە"
ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، ئەبوبەكر كاروانی لە بەشی كۆتایی دیمانەكەی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو جەخت لەسەر پێویستی گۆڕانكاری لە شێوازی كاركردنی ئیسلامییەكان لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و پێی وایە ئەم جۆرە شێوازەی كاركردنیان كۆنە و كۆمەڵگە و قۆناغەكە تێی پەڕاندووە و لە قازانج و بەرژەوەندی خۆیان نییە و گوتی:
" لە ساڵی 2003ەوە قسە لەسەر ئەوە دەكەم كە پێویستە ئیسلامییەكان خۆیان بگۆڕن، پێموابوو لەگەڵ گۆڕانكاری رژێم لە عێراقدا (ساڵی 2003) پێویستبوو ئیسلامییەكان مۆدێلی كاركردنی خۆیان بگۆڕن ئەگەر نا دواتر مۆدێلی كاركردنی خۆیان بگۆڕن، ئەگەر ئەو كات مۆدێلی كاركردنی خۆیان بگۆڕییایە ئەو بۆشاییە دروست نەدەبوو كە هێزێكی وەك گۆڕان بە تەوژمێكی وا بێتە ناو گۆڕەپانی سیاسی و جەماوەری كە ئیسلامییەكان ئیحراج بكەن و هەست بەجۆرێك لە دواكەوتن بكەن.
من لە شێوازی كاركردنی ئیسلامییەكانی كوردستان رازی نیم و پێم وایە بەم جۆرە شێوازی كاركردنیان كۆنە و كۆمەڵگە و قۆناغەكە تێی پەڕاندووە و لە قازانج و بەرژەوەندی خۆیان نییە، دەبوو بوێرتر و ئازاتر بوونایە لە دەستبردن بۆ كێشەكان و بڕیاردانی ئازایانە بۆ رزگاركردنی كۆی پڕۆژەكەیان و بۆ خزمەتێكی گەورەتر بە ئایندەی كۆمەڵگەكەیان، ئێمەش لەسەر ئەو خەونە بەردەوام دەبین و خزمەتیان دەكەین تا ئەو رۆژەی بەشێكی گرنگ و كوتلەیەكی مێژوویی لەم تەوژمە ئیسلامییە قەناعەتی وای لێدێت كە پێویستە بەجۆرێكی تر و لەسەر بناغەیەكی نوێ ئیسلامییەكان تواناكانیان وەگەڕ بخەن بۆ خزمەتی گەل و وڵاتەكەیان".
news_share_descriptionsubscription_contact

