بڕۆکسل
دەربارەی پڕۆسەی چارەسەری، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا، گالیس دێ کێرجۆڤا وەڵامی پرسیارەکانی AA دایەوە.
گالیس دێ کێرجۆڤا گوتی: "دەوڵەتانی ئەندام بڕیار دەدەن، دەربارەی ئەوەی ناوی PKK لە لیستی تیرۆر دەربێنن یان نا. لەم قۆناغەدا ئەو مەسەلەیە لە رۆژەڤی ئێمەدا نیە. لە داھاتویەکی نزیکدا شتێک بەناوی دەرھێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر ناخرێتە بەر باس."
ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا، وەک چۆن بۆ ئەوەی رێکخراوێک بخرێتە ناو لیستی تیرۆر پێویستی بە ھەندێ پێوانەی تایبەتی ھەیە، بەھەمان شێوەش بۆ ئەوەی رێکخراوێک لە لیستی تیرۆر دەربھێنرێ پێویستی بە پێوانەی تایبەتە: "لەو کاتەی ھەموو شتێک لەو پڕۆسەیە بەباشی بەڕێوە بچێت، مەسەلەی دەرھێنانی ناوی PKK لە لیستی تیرۆر دەخرێتە چوارچێوەی پاکێجێک."
دێ کێرجۆڤا، پێیوایە پێویستە ھەرکات PKK کۆتایی بەو کردەوانە ھێنا کە بەھۆیانە خراوەتە ناو لیستی تیرۆر، دەست لە توندوتیژی بەربدات و رێگای دانوستانی دیموکراتیانە بگرێتە بەر لە لیستی تیرۆر دەربھێنرێ: "لەڕووی یاسایەوە ناچاری ئەو کارە دەبین، چونکە دیوانی دادپەروەری لەو مەسەلەیەدا ھەستیارە. ئەگەر بگەینە ئاستی ئەو بڕیارە ھەڵبەتە پرس بە تورکیا دەکەین."
ئەو بەرپرسە ئەوروپییە، پشتگیریی خۆی بۆ ئەو پڕۆسەیە دەربڕی کە بە دەستپێشخەریی حکوومەتی تورکیا دەستپێکراوە، لەھەمان کاتدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان بەتەواوەتی پشتگیری لێدەکەن:" ھەوڵەکان بە ئاراستەیەکی راستدا دەڕۆن. پێش چەند مانگێک سەردانی تورکیام کرد، لەگەڵ نوێنەرانی ئەوروپا بەیەکەوە بە بەرپرسە تورکەکانمان راگەیاند کە بەھەموو شێوەیەک پشتگیری لەو پڕۆسەیە دەکەین و بەشداری تیادا دەکەین."
- چارەسەری ئاشتیانە رێگای ھەرە باشە
دێ کێرجۆڤا، رایگەیاند کە شێوازێکی پشتگیری یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەو پڕۆسەیە، ھێشتنەوەی فشارەکانیەتی لەسەر PKK، بۆ ئەوەی ئەو رێکخراوە پشتگیری ئەو پڕۆسەیە بکات ھەروەھا تا ھیچ رێگایەکی تری لەبەردەمدا نەمێنێ: "بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە بۆ ھەردوولا ئەمە باشترین رێگایە". دێ کێرجۆڤا لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێت:" لە مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی PKK، پشتگیری حکوومەتی تورکیامان کرد، ئەم رێکخراوەمان خستە لیستی تیرۆر. لە دژی ئەو رێکخراوە بە ئامانجی پشتگیری تورکیا ململانێمان بەردەوامە، بەڵام وەکو لە زۆر شوێنی جیھان بینیمان چارەسەری ئاشتیانە رێگای ھەرە باشە. پێشمانوایە یەکێتیی ئەوروپا لەوبارەیەوە ھاوکار دەبێ."
دێ کێرجۆڤا، باسی رەوشی سوریا کرد کە رای گشتی ئەوروپای خەریک کردووە، ھەروەھا باسی ئەو شەڕوانانەی کرد، کە لە وڵاتانی ئەوروپا دەچنە سوریا بۆ شەڕکردن: "پێویستە زۆر وردبینبین، مەسەلەیەکە تورکیا دەتوانێ زۆر ھاوکاریمان بکات، چونکە ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە ئەوروپا دەچنە سوریا لە ھەڵکشان دایە. زۆربەی ئەوانە بەناو خاکی تورکیا دەگەنە سوریا. لەوبارەیەوە چەند لەگەڵ یەکتر ھاوکاربین ئەوەندە باشترە."