هەولێر - AA
پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دکتۆر سەرسام خەلیل عومەر پێی وایە کە، ئەگەری هەیە پێکدادانەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین پەرە بستێنێ بۆ شەڕی نێوان چەند وڵاتێک و لەوانەش ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و لە بەرامبەریشدا کرمانج یونس عوسمان کە پسپۆڕە لە بواری یاسا نێودەوڵەتییدا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە، هەستیاری عێراق لەم دۆخەدا، کێشەکە لەو وڵاتە دوور دەخاتەوە.
رۆژی ٧ی تشرینی یەکەم، بزووتنەوەی حەماس ھێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل و زانیارییەکان ئەوەیان ڕوونکردەوە کە لەو ھێرشەدا بزووتنەوەی حەماس زیاتر لە پێنج ھەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسڕائیل کردووە و دواتریش ئیسڕائیل ھێرشەکانی بۆسەر غەززە چڕکردەوە و تا ئێستاش بەردەوامیی ھەیە و ژمارەیەکی زۆریش هاووڵاتیی مەدەنی بوونەتە قوربانی کە زانیارییەکان باس لە گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتیی فەڵەستینی دەکەن، جگە لە برینداربوونی زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس.
ئەم شەڕە وڵاتانی کردووەتە سێ بەرە، بەرەیەک پشتگیری لە ئیسڕائیل و، بەرەیەک پشتگیری لە فەڵەستین دەکات، بەرەیەکی دیکەیش تا ئێستا بێدەنگیی هەڵبژاردووە و، پڕیشی ئاگرەکەش بەرەو چەند وڵاتێکی دیکە گواستراوەتەوە و شڕۆڤەکارانی سیاسییش بۆچوونی جیاوازییان لە هۆکار و لێکەوتەکانی شەڕی ئەم دواییەی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل دا هەیە.
پسپۆڕی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دکتۆر کرمانج یونس عوسمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوە شەڕێکی مێژووییە و بەردەوامە، لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتی و بۆچوونی چالاکوانانی بواری ئاشتی، شەڕی نێوان گرووپەکانی فەڵەستین و دەوڵەتی ئیسڕائیل دەچێتە چوارچێوەی ئیدارەی نیزاع (بەڕێوەبەردنی ململانێیەکە) نەک چارەسەری ململانێیەکە، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەندین کێشەی دیکە هەیە کە تا ئێستا نەگەیشتووەتە چارەسەر بەڵکو هەر ئیدارە دەکرێت، وەک دۆسیەی کۆریای باکوور و باشوور، دۆسیەی کشمیر لە نێوان هیندستان و پاکستان، بۆیە ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات دووکەڵی ئەو ئاگرەیە کە پێشووتر هەبووە، ئەمە لە حاڵەتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت".
دکتۆر کرمانج یونس گوتیشی: "ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات شەڕێکی بە وەکالەتە، لایەنی فەڵەستینی کە یەک پارتی سیاسیی (بزووتنەوەی حەماس) ئەو کێشەیەی هەیە لەگەڵ ئیسڕائیل، وەکو وەکیلەک لە ململانێی ناوچەکە بەکاردەهێندرێت بەڵام لەلایەنی ئیسڕائیل، دەوڵەتی ئیسڕائیل خۆی لەسەر هێڵە، هەردوولا مشتومڕەکانییان جیاوازە، بۆ نموونە کە باس لە بەرگری شەرعی دەکرێت، ئیسڕائیل پشت بە یاسا ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، بە هەمانشێوە حەماسیش باس لەوە دەکات کە بەرگری لە خۆی دەکات، هەرچەندە لێکدانەوە نێودەوڵەتییەکان بەو ئاراستەیەن کە کێشەکە گەورەبێت، بەڵام بە دیدی من کێشەکە گەورەنابێت چونکە پێموایە هەر کێشەیەک کە ڕەگەزێکی ناکۆکی تیادابوو ئەوا چارەسەری ئاسانە، بەڵام ئەگەر ڕەگەزەکان زیاتر بوون ئەوا چارەسەری زەحمەتە، ئەوەی کە ئێستا هەیە، دوو ڕەگەزی تیادایە یەکێکیان ئایینی و ئەوەی دیکەیان نەتەوەییە، هەرچەندە چارەسەرکردنی زەحمەتە بەڵام لەو باوەڕەدام کە ڕێگا بەوە نادرێت کێشەکە زیاتر تەشەنە بکات، چونکە کاردانەوەی زیاتر دەبێت".
ئەو پسپۆڕەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێیوایە تا ماوەیەک دۆخەکە بەم جۆرەی ئێستا دەمێنێتەوە و چاوەڕێی بزووتنەوەی حەماس دەکرێت و، لەمبارەیەوە گوتی: "تا ماوەیەک دۆخەکە بەم شێوەیە دەبێت تا ئەو کاتەی مەترسییەکانی حەماس دەڕەوێتەوە یان لە ڕووی سەربازیی لاواز دەکرێت، یان ئەگەر بۆخۆیان (حەماس) بانگەشەی ئەوە بکەن کە نابنە هەڕەشە لەسەر ئیسڕائیل و ئەوکاتە ئیسڕائیل لە وانەیە راوەستێت".
هەر لەم بارەیەوە پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دکتۆر سەرسام خەلیل عومەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شەڕی فەڵەستین کاریگەری لەسەر بابەتەکاندا هەیە، ئەوەی کە پێشبینی دەکرێت لەناوەخۆی وڵات تا ماوەیەک شەڕ بەردەوام دەبێت، ئەگەریش ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەیەنە سەر هێڵ، ئەوا ڕەنگە تەشەنە شەڕەکە بکات، هەرچەندە لە مێژوودا وڵاتانی زلهێز کاریگەری لەسەر ئەنجوومەنی ئاسایش هەبووە، بەڵام ئەوەی کە هەیە لەم شەڕەدا، زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی سڤیلە و ئەم شەڕەش تا سنوورێک بۆ بەرژەوەندی وڵاتان دانەنرێت، ئەوا بەردەوام دەبێت".
دکتۆر سەرسام خەلیل عومەر گوتیشی: "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی گەرمی بابەتە سیاسیی و ئابوورییەکانە، لەم نێوەندەشدا، جگە لە بابەتی سیاسیی، بابەتی ئابووریش لە پشت دۆخەکەوە دەبینین بەتایبەتی بابەتی وزە، ئەگەریش بەشێوەیەکی باش ئەم دۆخە کۆنتڕۆڵ نەکرێت ئەوا ڕەنگە پڕیشکی ئاگرەکە بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ کاریگەری بکاتە سەر هەندێک لە وڵاتان و ببێتە شەڕێکی بە وەکالەت".
لەماوەی ڕابردوودا، ئیسڕائیل بۆردوومانی چەند بنکەیەکی حیزبوڵڵای لە لوبنان کرد، هاوکات چەند شوێنێکیشی لە سووریا بۆردوومان کرد وەک کاردانەوەیەک لە هەمبەر ئاراستەکردنی مووشەک لە خاکی سووریا و لوبنانەوە بۆ خاکی ئیسڕائیل، لە بارەی ئەوەی کە وڵاتی میسڕ بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە کە بووەتە پردێک بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ هاووڵاتییانی غەززە، تا چەند مەترسی بەرکەوتنی پڕیشکی ئاگرەکەی لەسەرە، دکتۆر کرمانج یونس گوتی: "میسڕ بە هیچ شێوەیەک نایەوێت و پێشتریش رایگەیاندووە کە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئیسڕائیل دا نیە، تەنیا بڕیارێکی نێودەوڵەتی هەیە لەسەر ئاستی کۆمکاری عەرەبی کە ڕێگای هاوکاری مرۆیی بکرێتەوە کە ئەمەش بە ڕەزامەندی ئیسڕائیل بووە چونکە لە کۆتاییدا غەززە بەشێکە لە سەروەری ئیسڕائیل، لەبەر ئەوەی ئیسڕائیل یەک نەخشە و یەک سنووری هەیە، بۆیە ئیسڕائیل ڕێگای داوە کە ڕێڕەوی هاوکاری بکرێتەوە، ئەگەر لە بیرمان بێت لە ڕۆژانی سەرەتادا هەموو هاوکارییەکان ڕاگیرابوون تا ئەوکاتەی ئیسڕائیل ڕەزامەندی دەربڕی بۆ داخلبوونی هاوکارییە مرۆییەکان، هاوکاری مرۆیی لە یاسای نێودەوڵەتییدا زامن کراوە و ئەمە بە کێشەی نێوان دوو دەوڵەت هەژمار ناکرێت".
دکتۆر کرمانج یونس گوتیشی: "لەبارەی لوبنانەوە، ئەگەر تێبینی بکەیت لەکاتێکدا لەناو وڵاتی لوبنان لە حزبوڵڵا دەدرێت بەڵام لوبنان ناڕەزاییەتی دەرنابڕێت، کەواتا لوبنانیش پارچە پارچە بووە، ئەوەی پەیوەندی بە عێراقیشەوە هەیە ئەوەیە کە تەنیا هەندێک گرووپی چەکدار دەیانەوێت ئەو بابەتە ئیستیغلال بکەن بۆ ئەوەی حەماسەتی خەڵک بجوولێنن، کارتێکە بۆ هەڵبژاردن کە ئیستا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بابەتێکی گەرمی ڕۆژەڤە، دووبارە بەرگێکی ئایینی بە بابەتەکەدا بکەن، لە هەمانکاتیشدا لەناوەڕاست و باشووری عێراق ئەم دۆسیەیە دژی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن گوایا هەرێم خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە، کە لە بنەڕەتدا ئەوە کاری هەرێم نیە چونکە ئێمە دەوڵەت نین و کێشەکەش لەوە گەورەترە کە عێراقیش دەستوەرداتە کاروبارەکان، بۆیە زیاتر ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت بابەتێکی پۆپۆلیستی و شەعبەوییە".
"بێ لایەنی حکوومەتی عێراق لە کێشەکان دووری دەخاتەوە"
هەفتەی ڕابردوو، هەریەک لە ئەمریکا و کەنەدا، هۆشدارییاندا بە هاووڵاتییانی خۆیان کە سەردانی عێراق نەکەن بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی خستە نێو دڵی گەلانی عێراق و لەمبارەیەوە دکتۆر کرمانج یونس گوتی: "هەموو دەوڵەتێک، بەشێک لە سەروەری خۆی بریتییە لە پارێزگاریکردن لە هاووڵاتییەکانی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی گشتی ناوچەیەکی ئارام نیە، بۆیە هەندێکجار وڵاتان ڕێنمایی دەردەکەن، ئەمە بەشێکە لە ڕێگریی نەک لە چارەسەر، ئەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە حاڵەتێکی ئاساییە و ڕەنگە بەهۆی هێرشەکانەوە بێت، ئەوان پێشبینی ناکەن کە کەسێکی ئەمریکی بڕفێندرێت بەڵکو ڕەنگە پێشبینی ئەوەیان کردبێت کە ئەگەر یەکێک لە دڕۆنەکان بە شێوەیەکی هەڵە لە شوێنێک بدات و هاووڵاتییەکی ئەوان ببێتە قوربانی، ئەمە دەچێتە ڕێکارێکی ئاسایی نەک بەپەلە، بۆیە هەتا ئەو جێگایەی کە حکوومەتی عێراق خۆی یەکلایی نەکاتەوە لەسەر هیچ کام لەو لایەنانەی شەڕ، ئەوا عێراق سەلامەتە و باوەڕیش ناکەم لایەنگیریی بکات".
عێراق لە کۆبوونەوەی ئێوارەی رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەمیانی دەنگدان لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، دەنگی بێلایەنانەی دا و، خۆی بەدوورگرت لە ئەنجامی دەنگدانەکە، هەرچەندە ئەو بابەتە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەتکرایەوە و بە "کێشەیەکی تەکنیکی" ناوی هات و وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان لایەنگری ڕاگرتنی پێکدادانەکان و ئاگربەستێکی مرۆیین لە غەززە.
دکتۆر کرمانج یونس دەڵێت: "ئێستا دابەشبوون ڕوویداوە، دەبینین لە ناو ئیسڕائیل بۆچوونی جیاواز هەیە و هەندێکیان دژی ناتانیاهو (سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل) خۆپیشاندان دەکەن، هەروەها لە ناو فەڵەستینیش ململانێیەکی دیکەی مەزهەبی هەیە و هەندێک پێیانوایە کە هێزێکی شیعە ( لە دەرەوەی فەڵەستین) یارمەتی هێزێکی سوننە (لەناو فەڵەستین) دەدات دژی ئیسڕائیل، کەواتا بۆچوونی جیاواز لە هەردوولا هەیە، دڵنیام شەڕەکە تەشەنە ناکات".
هاوکات پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دکتۆر سەرسام خەلیل عومەر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر بەشێوەیەکی باش ئەم دۆخەی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل کۆنتڕۆڵ نەکرێت ئەوا ڕەنگە پڕیشکی ئاگرەکە بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ کاریگەری بکاتە سەر هەندێک لە وڵاتان و ببێتە شەڕێکی بە وەکالەت.
لەبارەی مەترسییەکانی عێراق لەم شەڕەی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل، دکتۆر سەرسام خەلیل عومەر گوتی: "عێراق بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی لەلایەک، هەروەها نەبوونی خاوەن سەروەرییەکی بەهێز لەلایەکی دیکەوە و، بوونی کاریگەری وڵاتانی هەرێمیی بەسەرەوە، ئەمە بووەتە هۆکارێک کە نەتوانێت بە شێوەیەک ئیدارەی ناوخۆ و سنوورەکانی بکات، لە ڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش ئەگەر سەیر بکەین عێراق نەیتوانیووە بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت و کاریگەریی ئەجێندای هەرێمیی بە ڕوونی پێوە دیارە، وەک دەبینین ئێران دەستوەردانێکی بە ڕوونی لە عێراق، سووریا و لوبنان دا هەیە".
دکتۆر سەرسام خەلیل عومەر گوتیشی: "ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ تا ئێستا، چەندین هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینیووە، لە ڕووی پەیوەندییەکانیشیەوە یەکێکە لە وڵاتە گۆشەگیرەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دۆخە ناسەقامگیرییە ئابوورییەی لەناوخۆی وڵاتدا هەیە، ئێران دەیەوێت بیگوازێتەوە بۆ وڵاتانی دیکە، دەیەوێت ئەم شەڕەش بە وەکالەت بە دەست و پێوەندەکانی بکات و ئەگەر ئەم بابەتە کۆنتڕۆڵ نەکرێت ڕەنگە شەڕی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئیسڕائیل ڕووبدات".
news_share_descriptionsubscription_contact

