Muhammed Semiz
06 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2021
بەغدا – AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە دوای رووداوەکانی نێوان خۆپیشاندەرانی ناڕازیی لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و ھێزە ئەمنییەکان لە بەردەم ناوچەی سەوز لە بەغدای پایتەخت، بانگەوازی "دانبەخۆداگرتن و پاراستنی ئاسایشی گشتی" کرد.
بەرھەم ساڵح، لە رێگەی ھەژماری خۆی لە تویتەر جەختی لەوە کردەوە کە خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافێکە کە لە دەستووردا دەستەبەر کراوە و گوتی: "دەبێت لە چوارچێوەی ئاشتییانە و یاسایی دەرنەچێت".
بەرھەم ساڵح، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو پێکدادانەی کە لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران روویداوە مایەی نیگەرانییە و قبوڵکراو نییە و رایگەیاند، پێویستە ئەوەی روویداوە دووبارە نەبێتەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو لێکۆلینەوە بکرێت کە لەسەر ئەم رووداوانە ئەنجامدەدرێت.
سەرکۆماری عێراق، کە داوای دانبەخۆداگرتنی کرد، گوتی: "پاراستنی ئاسایشی گشتی ئەرکێکی نیشتیمانییە. دەبێت ھەموو کەسێک دانبەخۆیدا بگرێت و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لە سەرووی ھەموو شتێکەوە دانێت".
پێکدادان لە نێوان ئەو خۆپیشاندەرانەی کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لە بەردەم ناوچەی سەوز لە بەغدا کۆبوونەتەوە و ھێزە ئەمنییەکان روویداوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ١٢٧ کەس برینداربوون کە ٢٧یان لە خۆپیشاندەرانن و ئەوانەی دیکە لە ھێزە ئەمنییەکانن.
چەند رۆژێکە لایەنگرانی ھاوپەیمانیی فەتحی نزیک لە ئێران کە ژمارەی کورسییەکانی لە ھەڵبژاردنەکانی ١٠ تشرینی یەکەم کەمیکردووە بۆ ١٤ کورسی و ھێزی میلیشا شیعییەکان لە بەردەم ناوچەی سەوز لە بەغدا ناڕەزایەتییان نیشانداوە.