واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە میانی وتارێکیدا بۆ گۆڤاری (FOREIGN POLICY) ئەمریکی ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست داوە و جەختیکردووەتەوە لەسەر گرنگی پەیوەندیی و ھاوپەیمانی تورکیا و ئەمریکا.
دادودئۆغڵو دەنووسێ: ئەو تێزە بە تەواوی ھەڵەیە کە باس لە دوورکەوتنەوەی ھاوپەیمانەکان دەکات لەیەکتر لەسەر دۆخی رۆژھەڵاتی ناوەراست. پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان ئەمریکاو تورکیا، لەسەر بنەمای نێودەوڵەتی و دیموکراسی و مافی ھەردوولا دامەزراوە.
مژارێکی دیکەی نووسینەکەی داودئۆغڵو، باسی خولێکی نوێی وتووێژەکانی ئەندامبوونی تورکیایە لە یەکێتیی ئەوروپا. لەوبارەیەوە دەنووسێ: ئەو وتووێژانە وزەیەکی تەواو جیاوازی داوە بە تورکیا، ھەوڵەکان لە چوارچێوەی ھەڵگرتنی سیستمی ڤیزا لەسەر ھاووڵاتیانی تورکیا بۆ وڵاتانی ئەوروپا، یەکێکە لەو ئاماژانەی دەریدەخا نزیکبوونەوەی زۆر ھەیە لە یەکێتیی ئەوروپا.
ھەروەھا تورکیا بەردی بناغەی ئاسایشە لە ناو ناتۆدا. ئەگەر بێتو تورکیا بخرێتە ناو ھاوکێشەی ڕێککەوتنەکانی ئەمریکاو یەکێتیی ئەوروپا کە بواری بازرگانیی و ئابووریی گرتۆتەوە، ئەوا ھێز و گوڕێکی دیکە دەدا بەو ھاوکێشانە.
لە بەشێکی تری ووتارەکەیدا داودئۆغڵو ئاماژە بە دۆخی ناھەمواری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات و نووسیویەتی: تورکیا و ئەمریکا لە باکوری ئەفریقا و رۆژھەڵاتی ناوەراست، ڕووبەڕووی دۆخێکی جیۆپۆلەتیکی ناھەموار بوونەتەوە، تادێت رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرەو شەڕێکی مەرھەبی و سیاسیی پڕ لە ئازار دەچێ کە جێی مەترسییە بۆ ھاوپەیمانە جیھانییەکان. گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست لە ھەندێ وڵات لە سەرەتاوە بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی جوڵەیەکیان خستە ناو قۆناغەکە، ئەویش بۆ بەدەستھێنانی مافی خۆیان و بۆ ڕزگاربوون لە زوڵم کە بە ھیچ شێوەیەک ئەو قۆناغە گەڕانەوەی نییە بۆ دواوە، ئەوانەشی کە ھەوڵی گەرٍاندنەوەی ئەو دۆخەی پێشووتر دەدەن ھەڵەیەکی مێژوویی دەکەن.
دادوئۆغڵو ئاماژە بەوە دەکات داھاتووی ئەو ناوچەیە لە لایەن دیکتاتۆرەکانەوە داناڕێژرێتەوە، بەڵکو ئەوانەی خاوەنی دەسەڵاتی شەرعین و دیدێکی تایبەتیان ھەیە دەتوانن ببنە خاوەنی ناوچەکە و داھاتووی ناوچەکە دایڕێژنەوە. چارەسەری پرسی ئەتۆمی ئێرانی لە ڕێی دیالۆگەوە بەرقەراربوونی ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکە دەھێنێ، ھەورەک پشتگیریی تورکیاشی بۆ دروستبوونی ئەو دیالۆگە دەربڕی کە ئێستا لە نێوان ئەمریکاو ئێراندا دروست بووە.
ئاماژەبە گفتوگۆی نوێی ئیسرائیل و فەڵەستین دەکات کە پێی وایە ئەوەش ھاریکارێکی باش دەبێ بۆ باڵادەستی ئارامی لە ناوچەکەدا .
دادوئۆغڵو لە بەشی کۆتایی نووسینەکەیدا ئاماژە بە دۆخی سوریا دەکا و نووسیویەتی: بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن ڕژیمەکەی بەشار ئەسەد، ھەوڵێکی نەزۆک بوو و رژێمەکە بەرەو کۆتایی دەبا. بەڵام ھێشتا دەبێ کاردانەوەی تەواو ھەبێ بەرامبەر ئەو تاوانەی کە ئەنجامدرا. تورکیا تاکۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری سوریا بەردەوام دەبێ لە پشتگیرییکردنی سورییەکان.
ھەرەوک باس لەو ھۆشدارییانەی تورکیا دەکات لەسەر پرسی بەرادیکاڵبوونی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و دەنووسێ: بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھیچ بەھایەکیان بۆ ئەو ھۆشدارییانەی تورکیا دانەنا لەمەڕ ئەو گروپانەی کە بەرەو رادیکاڵی زیاتر دەچن لە سوریا.
داودئۆغڵو لە کۆتاییدا ئاماژە بە زەرورەتی توندو تۆڵکردنی ھاوپەیمانێتی ئەمریکاو تورکیا دەکا لە ناوچەکەداو رایدەگەیەنێ بۆ بەرجەستەکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا، پێویستیمان بە ھاوپەیمانێتیەکی توندوتۆڵتر ھەیە تاکو داھاتوویەکی باشتر لەناوچەکەدا بنیات بنێین.