Heman Hussein Yaseen
03 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
لینکی ڤیدیۆی چاوپێکەوتن https://www.aa.com.tr/ks
ژمارەیەک پەرلەمانتار داوای بانگهێشتکردنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و وەزیری دارایی دەکەن بۆ روونکردنەوەی ئەو ٢٧ ملیار دۆلارەی کە قەرزە لەسەر هەرێمی کوردستان.
دووشەممەی رابردوو، ١٧ پەرلەمانتار لە نووسراوێکدا داوای دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و تیایدا روونکراوەتەوە کە بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و وەزیری دارایی بکرێت بۆ روونکردنەوە دەربارەی ئەوەی کە حکوومەت رایگەیاندووە، ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی بڕگەی یەک لە ماددەی ٦٦ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کە پێویستی بە واژووی ١٠ پەرلەمانتار هەیە، ئێمە ١٧ پەرلەمانتار واژوومان کردووە لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان و بانگهێشتکردنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و وەزیری دارایی کە ئەوانە بەرپرسن لە بابەتی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزەکەی سەر هەرێمی کوردستان، ئەم بابەتە کە لە رۆژی پێش جەژن لەلایەن سەرۆکی حکوومەت باسکرا بەڕاستی بابەتێکی نائارامە و دەروونی هاووڵاتییانی تێکداوە، بۆیە پێمان باشە ئەم بابەتە بۆ پەرلەمان روون بکرێتەوە و پەرلەمانتارانیش زیاتر داوای روونکردنەوە بکەن".
عەبدولستار مەجید گوتیشی: "ئێمە داهاتی ناوخۆمان هەبووە، نەوتمان فرۆشتووە، جار جارەش بڕە بوودجەیەک لە عێراق هاتووە، بۆچی دەبێت ٢٧ ملیار دۆلار قەرزاربین لە کوێ قەرزکراوە، بۆچی قەرزکراوە، کوا بەڵگەی قەرزکردنەکە بە نووسراو، دەسەڵات بە کێ دراوە ئەم قەرزانە بکات، چونکە ئێستا عێراق دەیەوێت قەرز لە دەرەوە بکات و خەریکی رێکارە یاساییەکانە".
بەپێی یاسای بوودجە، پێویستە ساڵانە بوودجەی حکوومەت رەوانەی پەرلەمان بکرێت و وردەکاری داهات و خەرجییەکانی تیادا بێت و پەرلەمان پەسەندی بکات، بەڵام بەگوتەی عەبدولستار مەجید، ماوەی شەش ساڵ دەبێت هیچ بوودجەیەک لە حکوومەتە نەنێردراوەتە پەرلەمان و گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا هیچ بوودجەیەک بە ناوی بوودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەهاتووەتە پەرلەمان لە کاتێکدا بەپێی یاسای بوودجە پێویستە ساڵانە حکوومەت لە مانگی ١٠دا، پڕۆژە یاسای بوودجە پێشکەش بە پەرلەمان بکات و پەرلەمان پەسەندی بکات، ئەگەر بڵێین توانای نەبووە و هەرێمی کوردستان تووشی قەیران بووە، بەڵام خۆ ئەگەر یەک دیناریش بێت دەبێتە بێتە پەرلەمان، بەڵام نەناردنی بوودجە بۆ پەرلەمان، دەگەڕێتەوە بۆ ناشەفافبوون و لە هەر وڵاتێکیش شەفافییەت نەبێت دڵنیابن گەندەڵی زۆرە".
ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی پێیوایە کە حزب رۆڵی پەرلەمانی نەهێشتووەتەوە و پەرلەمانیش بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە و ناشەفافبوونی بوودجەیشی بۆ کەمتەرخەمی پەرلەمان گەڕاندەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "کەمتەرخەمییەکە لە بنەڕەتدا لە حزبە دەسەڵاتدارەکانە کە رۆڵی پەرلەمانیان نەهێشتووە دەنا ئەمە رۆڵ و ئەرکی پەرلەمانە کە فشار بخاتە سەر حکوومەت هەرچۆنێک بێت بوودجەکە بێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت، بەڵام بەداخەوە نەیانهێشتووە ئەم دامەزراوەیە رۆڵی خۆی ببێنت، لەبری ئەوەی پەرلەمان چاودێری حکوومەت بکات، حکوومەت چاودێری پەرلەمان دەکات، بۆ نموونە چەند گەڕی دانوستانی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی ناوەند کراوە، پەرلەمانی کوردستان ئاگاداری چی بووە؟، مەگەر بە فشارێکی زۆر شاندەکە هاتبن بۆ پەرلەمان و هەندێک شتیان باس کردووە کە هەمان ئەو شتانە بوون کە لە راگەیاندنەکان باس کرابوون لە کاتێکدا ئێمە وامانزانیووە شتی زۆر گرنگییان پێیە".
سەبارەت بە وەڵامی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ داواکارییەکەی پەرلەمانتاران، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان عەبدولستار مەجید گوتی: "سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت لە میانی دوو هەفتەدا، وەڵاممان بداتەوە و چاوەڕوانی کاتەکە دەکەین".