Hemn Baban
25 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2018
ھەولێر - AA
حکوومەتی ھەرێم دەڵێت "ئەگەر حکوومەتی عێراق بەردەوام مانگانە ئەو بڕە پارەیەی ناردوویەتی بنێرێت دەستکاری پاشەکەوتی مووچە دەکرێت".
ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ھەریەک لە وەزیرانی پەروەردە و تەندروستی و ژمارەیەک وەزیری پەیوەندیدار لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و لە کۆتاییدا حکوومەت راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیەنراوەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان:
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەختیی دۆخی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان تێدەگات و سوپاسی خۆڕاگری و دان بەخۆداگرتنیان دەکات، وێڕای سەختیی دۆخەکە لە یاسای بوودجەی عێراقی فیدراڵیشدا ستەم لە ھەرێمی کوردستان کرا، بەشە بوودجە و ماف و شایستە داراییەکانی کەم کرانەوە، بەڵام لە ئەنجامی گفتوگۆی ھەولێر ـ بەغدا، لەسەر بڕیاری بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدرال، بڕە پارەیەک. ھەر چەندە کەم بوو. گەیشتە ھەرێمی کوردستان.
وەک بەرلە جەژنی نەورۆز بڕیارمان دابوو کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر پاشەکەوتی مووچە ئەنجام بدرێت، ئەمڕۆ ٢٥/٣/٢٠١٨ بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و وەزیرانی تەندروستی و پەروەردە و وەزیرە پەیوەندارەکان، کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا و تیایدا ئەم خاڵانەی خوارەوە پەسەند کران:
١- ئەگەر بەغدا مانگانە بەردەوام بێت لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە کە ٣١٧ ملیار و ٥٤٠ ملیۆن و ٤٦٥ ھەزار دینارە و بڕە پارەیەکی کەمە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ داھاتی نەوت و داھاتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، دەستکاری پاشەکەوتی مووچە دەکات بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستاندا بێت.
٢- وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپێردرا لە رۆژانی داھاتوودا بە پێی داھات خشتەی نوێی مووچە ئامادە بکات بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەم ھەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت تاکو مووچەی داھاتوو بەو خشتە نوێیە دابەش بکرێت.
٣- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رۆژانی داھاتوودا تەواوی داھاتەکانی ناوخۆ و نەوت و بڕە پارەی ھاتووی بەغدا لەگەڵ ھاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە و چۆنیەتیی خەرجکردنی دەخاتەڕوو.