تاران
سەرکۆماری ئێران حەسەن روحانی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە زۆرێک لە رۆژنامەنووسە بیانییەکانیشی بانگهیشت کردبوو، باسی لە قۆناغی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا کرد لە دوای هەڵبژاردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرکۆماری نوێێ تورکیا.
روحانی خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردنی ئەردۆغان و رایگەیاند کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا لە قۆناغی نوێدا زۆر باشتر دەبێ.
سەرکۆماری ئێران گوتی: "گرنگە خەڵکانێکی زۆر لە وڵاتێکدا بەو رێژەیە دەنگ بە تاکە کەسێک بدەن، بۆ ئەو کەسەش شوێنێکی تایبەت دەبێ."
روحانی ئاماژەی بەوەکرد کە لە دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە کردووە و پیرۆزبایی لێکردووە بە بۆنەی هەڵبژاردنییەوە.
هاوکات پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو کرد و هیوای خواست کابینەی نوێی حکومەت لە کەمترین ماوەدا پێکبهێنرێ.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە قۆناغی نوێدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا زیاتر بەرەوپێش دەچێ و گتی: "چونکە ئەو کات ئەردۆغان سەرۆکوەزیران بوو، هەموو ئەرکەکان لەسەر شانی ئەوبوو، ئێستا بۆ یەکەم جار لە لایەن گەلەوە سەرکۆمار هەڵدەبژێردرێ، هاوکات دەنگۆی ئەوەش هەیە کە دەسەڵاتی سەرکۆمار لە رێی دەستوورێکی نوێوە فراوانتر دەکرێ، بۆیە من لەو بڕوایەدام کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەوپێشچوونی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێ."
هەروەها باسی لە بۆچوونە جیاوازەکانی تورکیا و وڵاتەکەی کرد لەسەر پرسە ناوچەییەکان و گوتی: "لەگەڵ تورکیا تەنیا لەسەر پرسی سوریا بیر و بۆچوونی جیاوازمان هەیە، بڕواناکەم لەسەر پرسەکانی دیکە بیر و بۆچوونی جیاوازمان هەبێ، ئێمە وەک دوو وڵاتی دۆست دەشێ لەسەر چەند پرسێک بیروڕامان جیاوازبێ، لەسەر ئەو جیاوازییانەش دانوستان ئەنجام دەدەین، بە گفتوگۆ چارەسەریان دەکەین."