تاران
حەسەن روحانی، سەركۆماری ئێران، ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان بە رابەرایەتی سعوودیە بۆ سەر حوسییەكانی یەمەنی بە (هەڵەیەكی ستراتیجی گەورە) لە قەڵەمدا.
لە میانی وتارێكیدا لە كۆنفرانسێك بەناوی (مرۆڤی بەبەزەیی، دونیای بەختەوەری) لە تارانی پایتەختی ئێران پێشكەشی كرد، روحانی داوای لە رای گشتی نێودەوڵەتی كرد فشار بخەسەر رێكخراوەكانی وەك خاچی سوور و مانگی سوور بۆ ئەوەی هاوكاری گەلی یەمەن بكەن.
روحانی باسی لەوە كرد، كە ئەركی سەرەكی رێكخراوی خاچی سوور و مانگی سوور یارمەتیدانی وڵاتانی لێقەوماوە، هاوكات داوای لەو دوو رێكخراوە كرد بێ لایەن بن و گوتی: "ئەگەر لەبری یەمەن وڵاتێكی ئەورووپی لەدۆخێكی لەو شێوەیەدا بوایە، ئەوا هەردوو رێكخراوی خاچی سوور و مانگی سوور چیان نەدەكرد؟ خێرا پردێكی ئاسمانیان دەكردەوە و زۆربەی وڵاتان لەو رێگەیەوە هاوكارییە مرۆییەكانیان دەگەیاندە ئەو وڵاتە. لە كاتێكدا وڵاتێێكی موسوڵمانی ستەمدیدە كە بە وتەی ئەوان وڵاتێكی جیهانی سێیەمە بەو شێوەیە دەبێتە قوربانی و لەلایەن وڵاتانی دراوسێیانەوە كە مافەكانی سەرەتای مرۆڤ تیایاندا پێشێل كراوە خانوو، نەخۆشخانە، رێگاوبان، رۆڵەكانیان لەناو دەبرێت و ژمارەیەكی زۆریان لێ بریندارە و نەخۆش كەوتوون، بەڵام بێ بەش كراون لە چارەسەر و داودەرمان."
سەرۆك كۆماری ئێران، ئەوەشی خستەڕوو كە یەمەن شوێنی تاقی كردنەوەیەكی مێژووییە بۆ هەموو جیهان و گوتی: "ئەگەر بە هێندەی ئەوەی بۆ هەر وڵاتێكی ئەورووپا یان ئاسیا نیگەران دەبین بۆ یەمەن نیگەران نەبین، ئەوا مانای وایە تەواوی بنەما و بەهاكانی مرۆڤایەتی و هەردوو رێكخراوی خاچی سوور و مانگی سوورمان كردۆتە ژێر پێ".
روحانی باسی لەوەش كرد كە بەبیانوی درۆوە رێگریان كرد لەو كۆمەك و یارمەتیانەی ئێران بۆ گەلی یەمەنی رەوانە كرد و گوتی: "مادام وایە با خۆیان بێن و كۆمەكەكان لە ئێمە وەربگرن و بیگەیەننە خەڵكی ستەمدیدەی یەمەن. وەرن با پێكەوە فشاربخەینە لە خاچی سوور و مانگی سوور تا یارمەتی گەلی یەمەن بدەن".
حەسەن روحانی ئەوەشی خستەڕوو كە ئەوەی لە یەمەن دەگوزەرێت جەنگ نییە، بەڵكو هێرشی ترسنۆكی دراوسێیەكە بۆ سەر دراوسێیەكی خۆی.
گوتی: "خەڵكی هەژاری وڵاتێك بۆردومان دەكەن كە لە بەرەوپێشچووندایە. ئەو وڵاتەی ئەو هێرشانە ئەنجام دەدات، بە فڕۆكەیەك خەڵكی بۆردومان دەكات كە نازانرێت بە پارەی كێ كڕدراوە و نازانرێت فرۆكەوانەكانی خەڵكی كوێن، ئەو وڵاتە لەبری ئەوەی یارمەتی ئەو خەڵكە بدات بۆمبیان بەسەردا بەردەداتەوە".