Abdullah Shukur
14 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2016
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، ستێفان دیمستورا رایگەیاند کە لەدوای خولی سێیەمی کۆبوونەوەکان نەخشە رێگایەکی روون دیار دەکەن. لە ئەگەری سەرنەکەوتنی کۆبوونەوەکان، پلانی بی تەنھا گەڕانەوەیە بۆ شەڕکردن.
دیمستورا ئەمڕۆ پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی جنێڤ بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
دیمستورا راشیگەیاند کە لەبارەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی جنێڤ زانیاری بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات.
دیمستورا ئاشکراشی کرد کە لایەنەکان بە رێژەیەکی بەرچاو پابەندی ئاگربەستییەکە بوون و تونراوە ھاوکاری مرۆیی رەوانەی ئەو ناوچانە بکرێت کە لە ژێر گەمارۆ دابوون.
دیمستورا جەختی لە بۆچوونی جیاوازی لایەنەکان کردەوە و راشیگەیاند کە کۆبوونەوەکان لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێت.
راشیگەیاند کە گرووپی کاری گەیشتنی ھاوکاری مرۆیی و ئاگربەستی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ھەفتەیە و ھەفتەی داھاتوو کۆدەبێتەوە. گوتیشی: "تاکە شت لە پلانی بی چاوەڕێ بکەم، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ شەڕکردن بە شێوەیەک کە لەوەی ئێستا قورستر بێت".
-"کۆبوونەوەی یەکەم لەگەڵ رژێمی سووریایە"
دیمستورا رایگەیاند کە ئەو دوێنێ سەردانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای کردووە و ئەمڕۆش لەگەڵ شاندی رژێمی سووریا کۆدەبێتەوە.
راشیگەیاند کە پێویستە کۆبوونەوەکان نوێنەرانی گشت گەلی سووریا تێدا بەشداربن. دیمستورا گوتیشی: "ئامانجمان ئەوەیە سێ خولی کۆبوونەوەکە ئەنجام بدەین. خولی یەکەم ئەمڕۆ تا ٢٤ی مانگ دەست پێدەکات. لە دوای ھەفتەیەک یان ١٠ رۆژ لەم بەروارە خولی دووەم دەست پێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت دوو ھەفتە بخایەنێت. لە دوای کۆبوونەوەکانی خولی سێیەمیش نەخشە رێگایەکی روون دیار دەکەین".
دیمستورا لەبارەی تەقینەوەکەی شاری ئەنقەرە گوتی: "سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی گەلی تورکیا دەکەم بەھۆی ئەو ھێرشە تیرۆریستییەوە".