ھەولێر
گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ رێککەوتنی ھەناردنی نەوت لەنێوان تورکیا و ھەرێم ئیمزاکراوە و ھەردوولا پابەندن پێوەی.
گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەفین دزەیی رۆژی پێنجشەممە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆلو گوتی:"گرێبەستی ھەناردنی نەوت لەکێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمەوە بۆ تورکیا، تەواو ئیمزاکراوە و ھەردوو لا پێوەی پابەند دەبن. مەسەلەکە رێککەوتن یان رێک نەکەوتن نییە، ھەناردنی نەوت لەرێی بۆریی نەوتبەرەوە تەواو بووە لە ھەرێمەوە بۆ تورکیا، مەسەلەی کات و تەکنیکە کە دواکەوتووە."
دزەیی ئاشکرای کرد ساڵ و نیوێک زیاترە ھەرێمی کوردستان کار بۆ ھەناردنی نەوت دەکا و دواین قۆناغی گرێبەستەکەشی لەگەڵ تورکیا لەوبارەوە پێش کەمتر لە بیست رۆژ تەواوبووە.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە، ھەناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە بەر سەردان و وتووێژی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و رازی بوونی ئەوان وەستابێ، لەمبارەیەوە بەراشکاوی دەڵێ"بەمنزیکانە ھەرێم نەوت ھەناردە دەکا، مەسەلەکە کاتە کە رەنگە چەند حەفتەیەکی دیکە، یان سەری ساڵ یان پاش سەری ساڵ بێ، ھەناردنی نەوت لەسەر ئەو سەردانە رانەوەستاوە، بەڵکو ھەرکاتێ لەرووی تەکنیکییەوە ئامادەبێ نەوت دەنێرین."
ئەم قسانەی گوتەبێژی حکومەتی ھەرێم لە کاتێدایە کۆتایی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی گەیشتە تورکیا بۆ ئیمزاکردنی گرێبەستی ھەناردنی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، بەڵام دواتر وا بڵاوکرایەوە گرێبەستەکە بەھۆی نارازی بوونی بەغدا بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشتی ھەورامی، سەرەتای ئەم مانگە لە سێیەمین کۆنفرانسی نەوت و غازی ھەرێم لە شاری ھەولێر، تەواوبوونی کارەکانی بۆریی نەوتبەری نێوان هەرێم و تورکیا راگەیاند. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "نەوتی هەرێم ئامادەی ھەناردە کردنە، لەو رێگەیەوە دەبینە نوێترین فرۆشیاری نەوت لە جیھان."
سەفین دزەیی لە کاتی کردنەوەی لقی کۆمپانیای ھۆندای ژاپۆنی لە شاری هەولێر، لەبارەی ھۆکاری سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گوتی:" رۆیشتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا لەسەر ئەو بنچینەیە کە رودەکارییەکان روونبکرێنەوە و بەغداش لە گرنگیی ئەو رێککەوتنامەیە تێبگات کە بەرژەوەندیی ھەموو عێراقییەکانی تێدا رەچاو کراوە."
لەبارەی کاتی سەردانەکەشەوە گوتی: "ھەرکاتێ گونجاوبێ سەردانەکە دەکرێ و پەیوەستە بەکاتەوە."