Zana Natık Kerem
04 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید رایگەیاند، پێویستە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دوا ناکەوێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولـلەتیف رەشید پێشوازیی کردووە لە شاندێکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، عومەر ئەحمەد محەمەد.
راشیگەیاندووە کە سەرکۆماری عێراق لە میانی کۆبوونەوەکەدا، جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و ئاماژەی بەوەیشداوە کە گرنگە راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دوا ناکەوێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لەو میکانیزمە کراوە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دانراوە و لەوبارەیەوە عەبدولـلەتیف رەشید جەختی کردووەتەوە لە گرنگی لابردنی ئەو ئاستەنگانەی کە بەرەوڕویی کۆمیسیۆن دەبنەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەربە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، عومەر ئەحمەد محەمەد رایگەیاندووە کە ئامادەیی تەواویان ھەیە، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە ١٥ پارێزگای عێراق جگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدەن.
بڕیاردراوە رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق ئەنجام بدرێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە کە ٢٣ ملیۆن و ٣٦٧ ھەزار و ٨١ کەس لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، مافی دەنگدانیان ھەیە و لەو ژمارەیە ١٨ ملیۆنیان دەنگدەری نوێن.
ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، ماوەی ١٠ ساڵە ئەنجام نەدراوە.
دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٣دا ئەنجامدرا و لە ساڵی ٢٠١٩دا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕ کرا.