Hemin Hüseyin
16 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2016
شارەدێی نەمروود کە شوێنەوارێکی دێرینە و ماوەیەکی درێژ پایتەختی ئاشوورییەکان بووە و لە ساڵی 2014دا لەلایەن تیرۆریستانی داعش دەستی بەسەردا گیرا و تەواوی شوێنەوارەکان خاپوور کران، چەند رۆژێک پێش ئێستاش ئەو شارۆچکەیە لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراق کۆنتڕۆڵکرایەوە و کەسێکیش لە حەشدی عەشائیری ئەو ناوچەیە ئاماژە بەوە دەکات کە دوای رووخانی رژێمی بەعس، ئەوان ئەو ناوچەیان پاراستووە لە هەموو رووبەڕووبوونەوەیەک، بەڵام نەیانتوانیووە لەدەست چەکدارانی داعش بیپارێزن و سەرەنجام تەواوی شوێنەوارەکان خاپوور کران.
کەسایەتی حەشدی عەشائیری، شێخ خالید جبووری لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای رووخانی رژێمی بەعس، ئێمە ئەو ناوچەیەمان لە هەموو ئەگەرێک پاراستووە، بەڵام نەمانتوانی لەدەست تیرۆریستانی داعش بیپارێزین و پێشی یەک ساڵ شوێنەوارەکانییان تەقاندەوە هەموویان خاپوور کرد کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین، لێرەدا دوو هۆڵ هەبوون کە درێژییان 150 مەتر دەبوو و زیاتر لە 100 تابلۆی مەڕمەڕی گرانبەها لەسەر دیوار هەڵواسرابوو کە مێژووی ئەو شوێنەوارەی دەستنیشان دەکرد، بەڵام ئێستا هەمووی خاپوورکراوە".
ئەو کەسایەتییەی حەشدی عەشائیری گوتیشی: "ماوەی سێ رۆژ دەبێت، هۆزەکانی ئەو ناوچەیە بە هاوکاری هێزە عێراقییەکان توانیان ئەو شارۆچکەیە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە بەڵام جێگای داخە تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی حکوومی و نێودەوڵەتی نەهاتوونە بۆ سەردانی ئێرە و پێویستە بە زووترین کات رێکخراوەکانی بواری شوێنەوارناسی سەردانی ئەو ناوچەیە بکەن و تاوانەکانی داعش تۆمار بکەن".
تابلۆکان گوزارشتی جۆراو جۆر لەخۆ دەگرن و ئەو کەسایەتییەش ئاماژە بە یەکێک لە تابلۆکان دەکات کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پانیپاڵی دووەمی پادشای ئیمپڕاتۆریەتی ئاشووری و کە لەلای راستی ئاژەڵێکی باڵدار لە جۆری گا درووستکرابوو ئەوەش بە مانای هەبوونی هێز و توانایەکی زۆر دێت و لەمبارەیەوە گوتی: "شوێنەواری تابلۆیەک لەسەر دیوار ماوە بەڵام تەواو شێواوە. ئەو تابلۆیە ئاماژە بە ساتی دەسەڵاتی پانیپاڵی پادشای دووەمی ئیمپڕاتۆری ئاشوورییەکان دەکات کە لە تەنیشتییەوە تابلۆی ئاژەڵێکی گا هەیە کە جووتێک باڵی هەیە و ئەوەش ئاماژەیە بۆ هەبوونی دەسەڵات و هێز لەو ناوچەیە، بەڵام بەداخەوە ئەو تابلۆیەش وەکو تەواوی تابلۆکانی دیکە خاپوورکراوە و شێواوە".
شوێنەواری نەمروود شارێکی ئاشووری کۆنە بە دووری 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری مووسڵ و لە سەدەی نۆیەمی پێش زایین ئەو ناوچەیە پایتەختی ئیمپڕاتۆریەتی ئاشووری بووە و لە ساڵی 1949 زۆربەی پارچە شوێنەوارە گرنگەکان دۆزرانەوە و دواتر لە ساڵی 2015 رێکخراوی تیرۆریستی داعش دوای پەلاماردانی ئەو ناوچەیە، ئەوا شوێنەوارەکەی تەقاندەوە و خاپووری کرد بە پاساوی ئەوەی شوێنێکی ئاشووریی و نا ئیسلامییە.