Zana Natık Kerem
18 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2020
بەغدا ــ AA
12 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پشكی پارێزگای سەڵاحەددین، داوایان كرد سەرجەم هێزەكانی سەربە پارتەكان و گرووپە چەكدارییەكان لە پارێزگای سەڵاحەددین دەربكرێن.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە، فەرماندەیی پۆلیسی سەڵاحەددین رایگەیاندبوو كە 12 هاووڵاتیی نیشتەجێی ناحیەی فەرحاتییە سەربە قەزای بەلەد لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە رفێندراون و دواتر كوژراون و تەرمەكانیان لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی سەڵاحەددین-ەوە دۆزراونەتەوە.
پێشتر ناوەندی عێراقی بۆ بە بەڵگەكردنی تاوانەكانی جەنگ كە ناوەندێكی سەربەخۆیە، چەكدارانی گرووپی عەسائیب ئەهل ئەلحەق بە كوشتنی 12 كەسەکە تۆمەتبار كردبوو.
لای خۆیەوە گرووپی عەسائیب ئەهل ئەلحەق سەربە حەشدی شەعبی رەتیكردەوە كە لە كوشتنی 12 كەسەکە تێوەگلا بێت.
12 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پشكی پارێزگای سەڵاحەددین بە هاوبەشی راگەندراوێكیان سەبارەت بە رووداوی كوشتنی 12 كەسەكەی دانیشتوی ناحیەی فەرحاتییە بڵاو كردەوە کە تیایدا هاتووە "دەركردنی ئەو هێز و گرووپە چەكدارانەی كە هەوڵدەدەن خۆیان بە حەشدی شەعبییەوە ببستەوە لە پارێزگای سەڵاحەددین، بووەتە ناچاری و دەبێت دۆسیەی ئەمنی لە سەڵاحەددین تەنها لەدەستی هێزە ئەمنییەكاندا بێت".
ژمارەیەك گرووپی حەشدی شەعبی لەوانە سەرایا سەلام سەربە رەوتی سەدر و عەسائیب ئەهل ئەلحەق بەسەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی و گرووپەكانی دیكە دۆسیەی ئەمنی لە ژمارەیەك ناوچەی پارێزگای سەڵاحەددین بەڕێوەدەبن.
پێشتر پارێزگاری سەڵاحەددین، عەممار جەبر لە لێدوانێكدا رایگەیاندبوو، ژمارەیەك كەس كە جلوبەرگی سەربازیان پۆشیبوو، ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە و باسی لەوەشكردبوو کە لەو 12 كەسی كە كوژراون، هەشتیان پۆلیسن.