Hemn Baban
02 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2018
ھەولێر - AA
بەپێی قسەکانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بێت ھێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەوەی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی لاوازە یان نا و پێی وایە ئەدای وەزیرەکانی و چارەسەرکردنی کێشە و دۆسیەکان ئەوە دەردەخات.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جوان ئیحسان رایگەیاند، "بڕیارە ئەم سێشەممەیە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ بۆ پەسەندکردنی پێنج تا شەش وەزیری دیکە لە کابینەکەی سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی بدات".
جوان ئیحسان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕیارە لە کۆبوونەوەی سێشەممەی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەگەر دوانەخرێت و کاتەکەی نەگۆڕدرێت ئەنجوومەن دەنگ لەسەر پێنج تا شەش وەزیر لەو ھەشت وەزیرەی لە کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی ماون بدات و پەسەندییان بکات".
سهرۆكی فراكسیۆنی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، جوان ئیحسان سەبارەت بە پشکی کورد لەو ھەشت وەزارەتەی ماون کە دوو وەزارەتیان بەر کورد دەکەوێت و بەرکەوتەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان گوتی: "بەدڵنییایەوە پۆستی وەزیری داد بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکلایی بووەتەوە بەپێی زانیارییەکان و یەکێتی بۆ ئەو پۆستە یەک کاندیدی ھەیە ئەویش خالید شوانی-یە".
سەبارەت بە ناوزەدکردنی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی بە کابینەیەک کە بەسەرەتایەکی لاواز دەستیپێکرد سهرۆكی فراكسیۆنی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، جوان ئیحسان گوتی: "لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە و لە پێکھێنانی ھەموو کابینەکانی حکوومەتی عێراق ھیچ کاتێک پێکھێنانی حکوومەت بەئاسانی و سانایی نەبوون و بەڕێوەنەچوون، ھەمیشە کێشە و کاتیان ویستووە، بۆیە ئەمجارەش دیسانەوە ئەو کێشانە ھەر ھەبوون".
جوان ئیحسان گوتیشی: "ھێشتا زووە بۆ ھەڵسەنگاندنی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی، چونکە ئەدای حکوومەت و وەزیرەکانی و ھەروەھا ئەو کێشانەی کە ماون و دەبێت چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند ئەوانە بڕیار دەدەن کە ئەو کابینەیە چۆنە و ئەدای چۆنە، بۆیە ھێشتا ناتواندرێت بگوترێت حکوومەتێکی لاواز دەبێت، چونکە ھەڵسەنگاندن دواتری بۆی دەکرێت".
ئەو قسانەی جوان ئیحسان لەکاتێکدایە ئەمڕۆ پەرلەمانتارێکی ھاوپەیمانی بینا رایگەیاندووە، ئەگەر ئەم ھەفتەیە عادل عەبدولمەھدی کابینە وەزارییەکەی تەواو نەکات و ئەو وەزارەتانەی بەتاڵن وەزیریان بۆ دەستنیشان نەکرێت ئەوا حکوومەتەکەی لاواز دەبێت و لەژێر مەترسیی ھەڵوەشانەوەدا دەبێت.