Sarmand Hameed
16 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی ھەوڵەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و چاوەکراوەییان لە دەستگیرکردنی بکوژێک بەرزنرخاند و رایگەیاند بەتوندی رووبەڕووی توندوتیژی دژی ژنان دەوەستێتەوە.
قوباد تاڵەبانی لەسەر کوشتنی ژنێک لە شاری سلێمانی و دەستگیرکردنی تۆمەتباری رووداوەکە، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردەوە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نووسیوویەتی: "ھەوڵەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و چاوکراوەییان بەرز دەنرخێنم و دەستخۆشییان لێ دەکەم بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی کە تاوانێکی دڕندانەی بەرامبەر ژنێک ئەنجام دابوو لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی".
قوباد تاڵەبانی دووپاتی کردووەتەوە کە رووبەڕووی توندوتیژی دژی ژنان دەوەستێتەوە و رایگەیاندووە "ئەمە بە دەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی دووپاتی بکەمەوە کە بەتوندی رووبەڕووی توندوتیژی دژی ژنان دەوەستمەوە. وەک چۆن پێشتریش لە چەندین بۆنەدا باسمکردووە، ھەموو ھەوڵێکمان دەخەینە گەڕ بۆ دەستگیرکردنی بکوژانی ژنان و رووبەڕووکردنەوەیان لەگەڵ یاسا".
رۆژی چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئەو کەسەی شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ی مانگی ئایاری ئەمسال لە گۆڕستانی سەیوان ژنێکی کوشت، پاشان تەرمەکەی بەرووتی جێھێشت، لەلایەن پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیرکرا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، تۆمەتبار (ب، ب، ح) (لەدایکبووی ١٩٩٧) لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەمەنی ژنە کوژراوەکە لە سەرووی ٣٠ ساڵییەوەیە و بە گوللە نەکوژراوە.