موسڵ
چهند رۆژێك بەر لە ئێستا سوپای عێراق لە زۆربەی ناوچەکانی موسڵ و ناوچە کوردیە جێ ناکۆکەکان بههۆی هێرشهكانی داعش ناوچهكهیان چۆڵكرد و به ههزاران سهربازی عێراقی لهو ناوچانه بێ بهرگریكردن ههڵاتن و چەکدارانی داعش توانیان پارێزگای موسڵ کۆنتڕۆڵبکەن، بەڵام لە ناوچە كوردییهكانی جێ ناکۆک لهنێوان ههرێمی كوردستان و بهغدا، هێزی پێشمەرگە ئاڵای کوردستانی بەرزکردەوە و کۆنتڕۆڵی سەرجەم سنورەکانیان کرد.
ئێستا ھێزێکی زۆری پێشمەرگە لە شهنگال لە ئامادەباشیدایە و ههروهها رەبیعە و مەخمور و بەشێک لە موسڵ تا دهگاته خانەقین و مەندەلی لە دەستی ھێزەکانی پێشمەرگەدایە.
لهکاتی جێگیر بوونیان لهو ناوچانه، چهندین جار ھێزهكانی پێشمەرگە لەگەڵ چەکدارانی داعش رووبەروو بوونهوه و تا ئێستا زیان بە هێزی پێشمەرگە نەگەیشتووە، بهڵام چەندین چەکداری داعش لهو شهڕانهدا کوژراون.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە کاتی روماڵکردنی رووداوهكانی ئهو ناوچانه چاوپێكهوتنی لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی سپیلک و ئەندامی فەرماندەی لەشکری کوردستان فەلهك عەبدولرەحمان کەورینی ئهنجامدا و كهورینی گوتی: "سەرجەم ناوچە جێ ناکۆکەکان و ناوچە کوردنشینەکان بە گشتی لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدان. ئەو ناوچانەی کە پێشمەرگە کۆنترۆڵی کردوون، ناوچە جێناکۆکەکانی سنوری کوردستانە و سنووری مادەی ١٤٠ی دهستووری ههمیشهیی عێراقن و ھەر لە شهنگال تا خانەقین لە دەست پێشمەرگەیە."
فەرماندەی فەرماندەیی لەشکری سپیلک ھەروەھا گوتی: "پێشمەرگە ناچێته ناوچه عهرهب نشینهكان و تەنیا لە ناوچە کوردستانیەکان دەمێنێتەوە و بەھیچ شێوەیەک ھێزەکانمان لەم ناوچانە ناکشێتەوە کە پێشتر لەژێر دەستی سوپای عێراق بوو. ھیچ ناوچەیەک نەماوە کە له سنوری مادەی ١٤٠ بێ و پێشمەرگە کۆنترۆڵی نەکردبێ، چەندین جار داعش لەو ناوچانە پەلاماری پێشمەرگەی داوە و توانیومانە شکستیان پێ بهێنین و زیانی زۆریان لێبدهین."
لە بارەی ھەڵاتنی ھێزەکانی سوپای عێراق لە ناوچەکان لهگهڵ هاتنی چەکدارانی داعش، كهورینی گوتی: "سوپای عێراق لە بنەڕەتدا سوپایەکی نارێک بووە و ھیچ كاتێك ئامانجیان پاراستنی خاک نەبووە، ئەو خەڵکەی کە لە سوپا بوون تەنیا بۆ بژێوی ژیانی خۆی لە نێو سوپا ماوەتەوە و بیروباوەڕی نیشتمان پەروەری و پاراستنی خاکیان نەبووە، ھەروەھا مالیکی ھەموو ئەو ئەفسەرانەی کە پێشتر لە سوپای بەعس بوون، کردبووی بە فەرماندە لە سوپای ھەڵاتوو، ئەوەش خۆشبەختانە روون بوو کە سوپایەکی فاشلە و نەیانتوانی لە گەڵ چەند چەکدارێکی داعش رووبەروو ببنەوە و سەرجەم ناوچەکانیان جێ ھێشت."
دکتۆر عەبدولرەحمان کەورینی له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "پەیامی ئێمە بۆ ھەموو خەڵکی بەشەرفی کوردستان ئەوەیە کە پێشمەرگە لە ناوچەکانی کوردستان و ناوچە جێ ناکۆکەکان سنوری کوردستان نابەزێنێ و ھیچ ناوچەیەکی عەرەبی داگیر ناکەین، تەنیا ئامانجمان کۆتڕۆڵکردنی سنوری ھەرێمی کوردستانە بە ناوچە کێشەلەسەرەکان کەلە مادەی ١٤٠ی دهستوری عێراقدا ھاتووە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە تا ئێستا نەتوانرەوە جێ بەجێ بکرێ، ئەگەر خەڵکی ناوچە عەرەب نشینەکان داوا لە ھێزەکانی پێشمەرگە بکەن بۆ پاراستنی سەلامەتی ژیانیان ئەوا پێشمەرگە وەک ھەموو کات ئامادەیە خزمهتیان بكات."
کەورینی سەبارەت بە مادەی ١٤٠ی دهستوری ههمیشهیی عێراق گوتی: "ئەم خاکە هی باو باپیرانمانن و ناوچەی کوردستانین و کورد خاوەنیەتی، پاراستنی ئەرکێکی نیشتمانیە، ئەم خاکانە تا ئێستا داگیر کرابوو و لە ئێستاوە لە دەست خاوەنی خۆیەتی. ھەروەھا ئەو خەڵکەی لەو ناوچانە دەژین و بەشێکی ناوچە عەرەبیەکانیش داوا لە پێشمەرگە دەکەن ناوچەكانیان بپارێزن."
لە بارەی دابەشبوونی عێراق بۆ سێ پارچە فهرماندهی فهرماندهیی سپیلك گوتی: "ئەو شەڕە دەستپێکە بۆ دابەشبوونی عێراق. به بنەڕەتدا عێراق بە زولم و ستەم و زۆر بە یەکەوە گرێدرا بوو. عێراق لە سێ نەتەوەی سەرەکی پێکدێ ئهوانیش کورد، عەرەبی سونە، عەرەبی شیعەن و ھیچیشیان ئامادهنین پێکەوە بژین، بۆیه باشتر وایە ببێ بە سێ بەش و ھەر کەس بە ئازادی خۆی بژی."
كهورینی له كۆتایی دیدارهكهدا گوتی: "ھێزەکانی پێشمەرگە بەھیچ شێوەیەک زولم لە ھیچ نەتەوەیەک ناکهن، خاکی کەس داگیر ناکهن و پارێزگاری لە خاکی خۆی دەکا، ئەمەش مافی یاسایی خۆیەتی، ئێمە پارێزگاری لە سەرجەم نەتەوەکانی کورد، عەرەب، تورکمان کلد و ئاشوری و مەسیحی دەکەین و ئەمەش یەکێکە لە ئامانجەکانی پێشمەرگە، بۆیە پێشمەرگە داگیرکار نییە و تەنیا خاک و سەلامەتی ھاوڵاتیانی کوردستان و عێراق دەپارێزێ."