Zana Natık Kerem
28 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2016
هەولێر ــ AA
راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كیفاح مەحموود رایگەیاند "لە 24 كاتژمێری داهاتوودا سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی شاری بەغدا دەكات.
لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا، كیفاح مەحموود تایبەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەسەر داوای سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا كە ژمارەیەك سەركردەی سیاسی هەرێمی كوردستان لەخۆ دەگرێت لە 24 كاتژمێری داهاتوودا بەسەردانێك دەگاتە شاری بەغدا".
راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە قسەكانیدا ئاماژەی بەوەیش كرد، لەم سەردانەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی چەند پرسێكی گرنگ تاوتوێ دەكات لەسەرووشیانەوە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ و دۆخی ناوچەكە بە گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
كیفاح مەحموود باسی لەوەیش كرد، لە تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی عێراق، باس لە پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر دەكرێت بەتایبەتی پرسی نەوت، بوودجە و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لەگەڵ چەند پرسێكی هەڵپەسێردراوی دیكە كە پەیوەیستن بە هەولێر و بەغدا.
كیفاح مەحمود دەشڵێت "هەر لە میانی سەردانەكەی بۆ بەغدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی قووڵ و ورد لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ عەبادی قسە دەكات كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی كوردستان و عێراق بکات".
سەبارەت بە پرسی جیابوونەوە، راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی: "قسەكەم زۆر روونە و ئەو دۆسیەی كە گفتوگۆی لەسەردەكرێت، سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت لەگەڵ شێوازێکی نوێی ئەو پەیوەندییانە كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی گەلانی عێراق و كوردستان بکات".
لەبارەی دیدارو كۆبوونەوەكانیش، كیفاح مەحمود ئەوەی خستەڕوو، لە میانی سەردانەكەی بۆ بەغدا جگە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بازرانی دیدراو كۆبوونەوەی زۆری دەبێت بەتایبەتیش لەگەڵ سەرکردەی كوتلە سیاسییەكان.