Sarmand Hameed
27 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 27 مای,س 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، ئەو جموجۆڵەی کە گرووپە چەکدارییەکان لە بەغدا ئەنجامیاندا پێشێلکارییەکی مەترسیداری حوکمڕانی و یاسا و دەستووری عێراق بوو، راشیگەیاند، دادگا تاوانبار و بێتاوان دیاری دەکات.
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پشتهاتەکانی ئەمنیی لە وڵاتەکەدا کۆبووەوە و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی کۆبوونەوکەدا رایگەیاندووە، "عێراق بەقۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت و ئەم حکوومەتە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییانەی کە وڵات لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی درێژخایەنەوە بەخۆیەوە دەیبینێت و خەریکە بارودۆخەکەی بەرەو خراپبوونێکی جددی بردووە، پێکهاتووە".
مستەفا کازمی راشیگەیاند، "ئەو جموجۆڵەی کە گرووپە چەکدارییەکان لە بەغدا ئەنجامیاندا پێشلێکارییەکی مەترسیداری حوکمڕانی و یاسا و دەستووری عێراق بوو".
لەبارەی دیارییکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکان، مستەفا کازمی گوتی: "دەستوور ئەرکی دەسەڵاتەکانی دیارییکردووە و حکوومەت بەرپرسە لە ئەرکی جێبەجێکردن و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی دادگا بەپێی یاسا دەریان دەکات".
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "دادگا تاوانبار و بێتاوان دیاری دەکات، دوای ئەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن رۆڵی خۆی تەواو دەکات".
مستەفا کازمی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: "هەندێک لایەن دەیانەوێت قەیرانی ئەمنیی و سیاسیی بە ئامانجی کێبڕکێی هەڵبژاردن و ئاستەنگ لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندا دروست بکەن".
سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک ئاماژەیەک بۆ بڕیاری بەشداریی نەکردن لە هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، گوتی: "ئەگەر ئەم حکوومەتە خواستی سیاسیی هەبووایە ئەوا وەک حکوومەتەکانی پێشوو کاری دەکرد بۆ پێکهێنانی کوتلەیەکی سیاسیی تایبەت بەخۆی و دەچووە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، وێڕای ئەوەی دەرفەت لەبەردەمماندا رەخسابوو، بەڵام پابەندی ئامانجەکەمان بووین کە رەخساندنی کەشی هەڵبژاردن و دوورخستنەوەی عێراقە لە قەیرانی زیاتر".
مستەفا کازمی باسی لە قەیرانە کەڵەکەبووەکانی عێراق کرد و گوتی: "بەهەموو هێز و دڵسۆزییەوە کارمان کرد لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانە کەڵەکەبووەکان کە حکوومەتەکانی پێشوو وەک میرات لە رووی ئابووری، ئەمنیی، سیاسیی، کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتیی بۆیان جێهێشتبووین و سەرکەوتووبووین لە چارەسەکردنی بەشێکیاندا".
گوتیشی: "هێشتا بەشێک لە قەیرانەکان ماون کە پێویستیان بە کات و کارکردنی زیاترە بۆ چارەسەرکردنیان".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتەکەی لەپێناو عێراق و گەلەکەیدا کار دەکات و گوتی: "ئەم حکوومەتە حکوومەتی تۆڵەسەندنەوە و پاکتاوی سیاسیی نییە، بەڵکو حکوومەتێکە لەپێناو عێراق و گەلەکەی کار دەکات".
پێشتریش فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی لە پەیامێکدا لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی شاری بەغدا کە بەهۆی دەستگیرکردنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، قاسم مەحمود کەریم موسڵیح لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە روویدا، وێرای سەرکۆنەی دیاردەی چەکداریی گرووپەکانی سەربە حەشدی شەعبی رایگەیاند، "هێزێکی ئەمنی عێراقی بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان فەرمانی دەستگیرکرنی تۆمەتبارێکیان جێبەجێکرد بە پێی ماددەی چواری تیرۆر و لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایەی کە لەسەری تۆمارکرابوو".
بەیانی رۆژی چوارشەممە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، قاسم مەحمود کەریم موسڵیح لە باشووری بەغدا لەلایەن ھێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکرا.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە ناوبراو به پشت بەستن به بڕیاری دادگا کە لە رۆژی ٢١ی ئایار دەرچوو، و بەپێی ماددەی چوار لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیرکراوە.
دوای رووداوەکە، ھێزێکی سەربە حەشدی شەعبی گەمارۆی ماڵی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و چەند شوێنێکی دیکەیان لە ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق داوە، لەوانە ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و ماڵی بریکاری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری ھەواڵگریی، ئەحمەد ئەبو رەغیف کە فەرماندەی ئەو ھێزە تایبەتەیە کە قاسم موسڵیح-ی دەستگیرکرد.
دواتریش وەک رێکارێک بۆ رێگەگرتن لە ئەگەری ھەڵکوتانە سەر ناوچەی سەوز لەلایەن گرووپەکانی حەشدی شەعبییەوە، ھێزێکی زۆری ئەمنیی لە دەروازەکان و دەوروبەری ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق بڵاوەیان پێکرا، ھاوکات ژمارەیەک تانک لە دەرەوازەکانی ناوچەی سەوز جێگیرکران.
دوای ئەو رووداوانە، قاسم موسڵیح رادهستی لیژنهی تایبهتی ههواڵگریی و ئاسایش كرا كه بهشێكی حهشدی شهعبی پێكیدههێنێت.