Zana Natık Kerem
27 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، ئەو تاوانانەی کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دژ بە کچ و ئافرەتانی ئێزدی ئەنجامیداوە، وەک پەڵەیەکی رەش لە مێژووی رێکخراوەکەدا دەمێنێتەوە و دەبێت کاربکەن بۆ ئەوەی ئەو رووداوە دووبارە نەبێتەوە و داوایشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد کە ھەوڵبدەن حکوومەتی نوێ پێکبھێنن.
بەپێی راگەیاندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئەم گوتەیەی لەمیانی کۆنگرەیەکدا ھاتووە کە بەبۆنەی تێپەڕبوونەوەی ساڵێک بەسەر دەرکردنی یاسای ئافرەتانی رزگاربووی ژێر دەستی داعش سازکراوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەکەدا رایگەیاندووە: "ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر پەسەندکردنی یاسای ئافرەتانی رزگاربووی ئێزدی ژێر دەستی داعش تێپەڕدەبێت کە حکوومەت، ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتی کۆمار رۆڵی گرنگیان لە دەرکردن و پەسەندکردنی یاساکەدا، گێراوە".
مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەیشداوە، ئەو تاوانانەی کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دژ بە کچ و ئافرەتانی ئێزدی ئەنجامی داوە، وەک پەڵەیەکی رەش لە مێژووی رێکخراوەکەدا، دەمێنێتەوە و گوتی: "دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی ئەو رووداوە دووبارە نەبێتەوە، ئەوەیش لە رێگای حوکمڕانێکی باش بەدی دێت".
گوتیشی: "تاوانەکانی داعش دژبە کچ و ئافرەتانی ئێزدی، نەک تەنھا لەسەر ئاستی عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستی جیھانیش کاردانەوەی مرۆیی لێکەوتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتیی بەداواداچوون بۆ ئەو دۆسیە بکرێت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی تیشکی خستەسەر ئەوەی کە ھێزە ئەمنییەکان بەردەوام لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژبە تیرۆریستانی داعش کە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆریان لێ دەستگیرکراوە کە ئێستا لە گرتووخانەدا زیندانیکراون و گوتی: "ھێزەکانمان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی ئەو کەسانەی کە زیانیان بە عێراقییەکان گەیاندووە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لە بەشێکی گوتارەکەی رایگەیاندووە: " داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەم ھەوڵبدەن حکوومەتی نوێ پێکبھێنن، بۆ ئەوەی خزمەتی گەل بکەن لەنێویاندا، کچ و ئافرەتانی رزگاربووی ئێزدی ژێر دەستی داعش، رێزیش لە وادە دەستوورییەکان، لۆژیکی دەوڵەت و پێداویستییەکانی خەڵکی، بگیرێت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە ھەمووان پێکەوە کاربکەن و پاڵپشتی لەیەکتر بکەن، بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە مەترسیدارە تێپەڕێندرێت و گوتی: "ئەوەی ئێستا پێویستە، لایەنە سیاسییەکان پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەن، بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە، تێپەڕێنین، ئەمڕۆ قەیرانێکی جیھانی ھەیە کە کاریگەریی لەسەر ھەموو وڵاتان دروستکردووە، ھاوکات لەگەڵ ئەو قەیرانەش، ناوچەکەمان بەرەوڕووی قەیرانی ئاڵۆزتر بووەتەوە، بەڵام ئومێد ھەیە ئەو قەیرانانە بگۆڕین بۆ دەرفەتی سەرکەوتن".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ھەروەھا گوتوویەتی: "قەیرانی ئێستا لە عێراق، زیاتر سیاسییە و بە چارەسەرکردنی قەیرانەکەش، دەتواندرێت حکوومەتێکی کارا پێکبھێندرێت کە خزمەت بە ھاووڵاتییان بکات".
مستەفا کازمی لە کۆتایی گوتەکەیدا رایگەیاندووە: "بە لایەنە سیاسییەکان دەڵێم، خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و پاراستنی نیشتمان، ئەرکی سەرشانمانە، ئیتر بەسە دابەشبوون، پێویستە ھەمووان لە پێناو وڵاتەکەماندا کاربکەین و بەرەو بونیادنانی عێراق و ئایندەی نەوەکانمان، ھەنگاو بنێین".
لە دووی ئاداری ٢٠٢١دا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە کچ و ئافرەتانی رزگاربووی ئێزدیی ژێر دەستی داعشی پەسەند کرد.
یاساکە کە بۆ پشتیوانییكردنی رزگاربووەکان پەسەندکرا، پێدانی ئیمتیازاتی وەکو مووچەی مانگانە، پێدانی پارچە زەوی، پێدانی قەرزی خانووبەرە و لێخۆشبوون لە مەرجی گەڕانەوە بۆ خوێندن، لە خۆدەگرێت.