ھەولێر
یەکێتی رایدەگەیەنێت پارتیش پێی باشە کابینەی داھاتوو ھاوپەیمانێتی بێت و حکومەتێکی نیشتمانی بێت و براوەکانی ھەڵبژاردن بەشداریی تێدا بکەن.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان عەدنان موفتی لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ AA رەتیکردەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ رێککەوتنێکی نھێنییان بۆ پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم ھەبووبێت، گوتی: "تا ئێستا ھیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ پارتییدا بۆ پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم نییە."
پێداگری لەسەر ئەوەشکرد تا ئێستا یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات ھیچ کۆبوونەوەیەکیان لەسەر پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو ئەنجام نەداوە.
موفتی بەرپرسێکی دیاری یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە و ئاگاداری بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حزبەکەیەتی، لەگەڵ سێ ھاوکاری خۆی لە مەکتەبی سیاسی حزبەکەی بۆ داڕشتنی راپۆرتێک لەسەر ھۆکاری شکستەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی ھەرێم و ئایندەی یەکێتی راسپێردراون.
سەرۆکی ھەرێم رۆژی چوارشەممەی داھاتووی بۆ بەستنی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام بەپێی قسەکانی عەدنان موفتی پێناچێت ھیچ رێککەوتنێک بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت کە سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەشێکییەتی، ھەبێت.
ئەو قسانەی موفتی بۆ AA لەکاتێکدایە رۆژنامەی سەباحی فەرمیی عێراقی لە ژمارەی رۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەم ئەوەی بڵاوکردەوە ھەردوو حزبی فەڕمانڕەوا لە ھەرێم یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنێکیان لەبارەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت کردووە و تێیدا بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی پەراوێز دەخرێن و بەشداریی حکومەتیان پێناکرێت، لەکاتێکدا ئەو سێ ھێزە ٤٠ کورسیی پەرلەمانیان لە کۆی ١٠٠ کورسی ھەیە.
عەدنان موفتی لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ AA لەبارەی بۆچوونی یەکێتیەوە لەسەر پێکھێنانی کابینەی داھاتوو گوتی: "یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێی باشە ھەموو لایەنێک لە حکومەتێکی نیشتمانی ھاوپەیمانێتی بۆ رووبەرووبوونەوەی کێشەکانی نێوخۆی ھەرێم و کێشەکانی لەگەڵ بەغدا و دەوروبەری ھەرێمیش بەشدارییان پێبکرێت."
باسی لەوەشکرد کە ئەو بۆچوونەی یەکێتی ھەمان بۆچوونی پارتیشە و گوتی: "بەپێی لێدوانی بەرپرسانی پارتی کە دواینییان سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتییە، ئەوانیش ھەمان داواکاریی یەکێتییان ھەیە."
ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی رۆژی ٢١/٩/٢٠١٣ی ھەرێم نەخشەی سیاسیی بەشێوەیەک گۆڕی ھیچ لایەنێک بە تەنھا ناتوانێت حکومەت دروست بکات، پاشەکشەی یەکێتی ھاوبەش و ھاوپەیمانەکەی پارتی بە ١١ کورسی و ھەڵکشانی کورسییەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ٤٠ کورسی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی ئاڵۆزترکردووە.
ئەو سەرچاوەیەی کە قسەی بۆ رۆژنامە سەباحی عێراقی کردووە و نەیویستووە ناوی بڵاوبکرێتەوە، ئاشکرایکردووە رێککەوتننەکەی یەکێتی و پارتی بەو شێوەیەکە سەرۆکی پەرلەمان پشکی یەکێتی بێت و ئەرسەلان بایز سەرۆکی ئێستا دەیگرێتەوە دەست، سەرۆکایەتی کابینەکەش دەدرێتەوە پارتی، بەڵام رکابەرایەتی لەنێوان راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم مەسرور بارزانی و سەرۆکی ئێستای حکومەتی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەو پۆستە ھەیە.
کاندیدی دەرچووی بزووتنەوەی گۆڕان عەلی حەمەساڵح لە لێدوانێکدا ھۆشداریی دایە یەکێتی و پارتی لە پەراوێزخستنی ئۆپۆزسیۆن کە پێیان باشە بەشداریی کابینەی داھاتوو بکەن و گوتی: "ئەگەر یەکێتی و پارتی بڕیاریان دابێت یان بیدەن ئۆپۆزسیۆن پەراوێز بخەن و بەشداری حکومەتی پێنەکەن، ئەوا ھەڵەیەکی زۆر گەورە و یاسا شکێنی دەکەن."
ئاشکراشیکر بزووتنەوەی گۆڕان تا ئێستا بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ دوو حزبە فەرمانڕەواکەی ھەرێم باسی پێکھێنانی حکومەتی نەکردووە.