Sarmand Hameed
23 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی سەربازی ئەمریکی کرد بە سەرۆکایەتی جەنەراڵ گریگۆری کرودەر.
نووسینگەی راگەیاندنی مەسرور بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لە دیدارەکەدا کە وەزیری پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل و کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، ستیڤن فەیگن ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە کرا. بەتایبەتی هەماهەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بەگشتی کرد بۆ هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و ئاماژەی بە هەماهەنگی باشی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
لە بارەی پەیوەندی لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵیش جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکانمان لە سەر چەندین ئاست بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور. گوتیشی "گەیشتن بە رێککەوتن لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقە".