Abdullah Shukur
29 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2018
لەندەن - AA
سەرۆکوەزیرانی بەريتانيا، تێرێزا مەی لەمیانی دوو پەیوەندیی تەلەفۆنی جیادا لەگەڵ سەرکۆماری فەڕەنسا، ئێمانوێل ماکرۆن و راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ باسی لە رێککەوتننامەی ناوەکی ئێران کرد.
بەپێی ئەو راگەیەنراوەی لە سەرۆکایەتی وەزیرانی بەریتانیا بڵاوکراوەتەوە، مەی ئەمڕۆ و دوێنێ بەجیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ماکرۆن و مێرکڵ ئەنجامداوە.
لە میانی هەردوو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا سەرکردەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە رێککەوتننامەی ناوەکی ئێران باشترین رێگایە بۆ ئەوەی رێگری لە ئێران بکرێت لە دەستەبەرکردنی چەکی ناوەکی و پێویستیشە کاری لەپێشینەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگری کردن بێت لە چەکی ناوەکی ئێران.
ھەر سێ سەرکردە ھاوڕابوون لەسەر تاوتوێکردنی پرسی رێککەوتننامەی ناوەکی و مووشەکی بالیستی و کارە تێکدەرەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
چاوەڕێی ئەوە دەکرێت کە لە ١٢ی ئایاری داھاتوو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بڕیار لەسەر دووبارە سزادانی یان سزانەدانی ئێران بدات.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندبوو کە ماددەیەکی پەیوەندیدار بە سەپاندنی سزا لە رێککەوتننامەی ناوەکی وڵاتانی پێنج کۆ یەک و ئێران، ھەڵناوەشێننەوە و بەم ھۆیەوەشەوە پرسی لێبووردنی سەپاندنی سزا بەسەر ئێران بۆ ١٢٠ رۆژی دیکە درێژ کرابووەوە. راشگەیەنرا کە ئەگەر رێککەوتن لەسەر ئەم پرسە ئەنجام نەدرێت ئەوا ئەمە دەبێتە دوایین مۆڵەتی درێژکردنەوەی بڕیارەکە لەلایەن ترەمپ.
پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کە دەبێت رێککەوتننامەی ناوەکی ئێران دووبارە رێکبخرێتەوە و بە پێچەوانەوە لە رێککەوتننامەکە دەکشێنەوە. ئێرانیش لە دژی پێداچوونەوەیە بە رێککەوتنامەکە.