Mazın Asad
22 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 24 مای,س 2017
ئیدلب/ئەنقەرە - AA
دوا کاروانی پرۆسەی راگواستنی خەڵکی سڤیل و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە گەڕەکی وەعری شاری حومس تەواو بوو کە دوا گەڕەکی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆن بوو لە شارەکەدا و ناچاربووبوون ئەو گەڕەکە جێ بھێڵن.
لە دوای دەرچوونی نزیکەی ٢٥ ھەزار کەس لە گەڕەکەکە، ناوەندی شارۆچکەی حومس بە تەواوی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی رژێمی بەشار ئەسەد.
بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئیدلب، دوا کاروانی دانیشتوانی گەڕەکی وەعر شەوی رابردوو گەڕەکەکەیان جێھێشت کە لە ھەزار و ١١٥ کەس پێکھاتبوون.
ھەزار و سێ کەس لە کاروانەکەی دوێنێ بۆ شارۆچکەی جەرابلوس گواسترانەوە کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا لە رێکخراوانی تیرۆریستی پاککرابووەوە.
دانیشتوانی گەڕەکی وەعر چوار ساڵ بوو کەوتبووە ژێر گەمارۆی رژێمی ئەسەد و لە مانگی شوباتیشەوە گەڕەکەکە بووبووە ئامانجی ھێرشی ھێزەکانی رژێمی ئەسەد.
ھاوکات گەڕەکی وەعر کە دوا گەڕەکی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بوو لە ناوەندی شاری حومس کە ماوەی پێنج مانگ بوو رێگە بە گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان نەدەدرا.
لە ١٣ی مانگی ئایاری ئەمساڵ بە نێوەندگیری رووسیا، لایەنەکانی سووریا گەیشتنە رێککەوتنێک و بە ھۆیەوە ئۆپۆزسیۆنی سووریا کشانەوەی لە گەڕەکی وەعر قبووڵ کرد.
رژێمی ئەسەد لە ماوەی ساڵێکدا شەش ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریای لە رۆژئاوای دیمەشق کۆنترۆڵ کرد.
ھاوکات لەگەڵ کۆچکردنی خەڵکی سڤیل و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ناوچەکانی دارییا، موعەزەمیە، خان شێخون و گوندەکانی دەورووبەری سەربە رۆژئاوای دیمەشق، ناوچەکان کەوتە ژێردەستی رژێمی سووریا.
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووش بە نێوەندگیری تورکیا و رووسیا دانیشتوانی رۆژھەڵاتی حەلەب بۆ شوێنی دیکە گواسترانەوە.
لە دوای حەلەبیش، ھێزەکانی رژێمی ئەسەد ھێرشێکی چڕیان بۆسەر دۆڵی بەرەدا باکووری رۆژئاوای دیمەشق دەستپێکرد و بە ھۆیەوە خەڵکی ناوچەکە و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن ناچاربوون لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەوێ جێ بھێڵن.
دواجاریش مانگی رابردوو شارۆچکەی زەبەدانی و ناوچەی مەدایا و لە ماوەی ئەم مانگەشدا گەڕەکی قابون رۆژھەڵاتی دیمەشق چۆڵکرا.