Sarmand Hameed
17 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2016
هەولێر - AA
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا، رەخنەی تووند لە سیاستەکانی پەیەدە لە سووریا دەگرێت و رایدەگەیەنێت کە پەیەدە بە شێوەیەکی دیکتاتۆرانە ھەڵسوکەوت لەگەڵ پێکھاتەکانی دیکەی سووریا دەکات بەتایبەت لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ( ئەنەکەسە) و پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا، نوری بریمۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پەیەدە ناوچە کوردییەکانی سووریای داگیرکردووە، ئەوان ھەڵگری چەکی رژیمی ئەسەدن و بە شێوەیەکی دیکتاتورانە لەگەڵ پێکھاتەکانی دیکەی سووریا بەتایبەتی ئەندام و لایەنگرانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا ھەڵسوکەوت دەکەن".
بریمۆ گوتیشی: "ئێمە زۆر جار دەرگامان کردووەتەوە بۆ پێکەوە کار کردن و زۆر رێککەوتنمان لەگەڵیان کرد و خواستی ئێمە ئەوە بوو کە لەو ھەلە زێرینە پێکەوە کارێک بکەین تاوەکو کورد رزگاری ببێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوان نەیانویست".
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا، ئاماژەی بەوە کرد کە بیر و رای جیاوازیان ھەیە لە سەر پرسی ژیانی خەڵک و کارکردنی ئەوان لەگەڵ رژێمی بەعس و ئێران و رووسیا و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە لەگەڵ شۆڕشی سووریا و خەڵکی سووریاین، ئەوان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد و ئێران و رووسیان، لە ئێستادا رووسیا بانگھێشتی حزبە کوردییەکانی سووریای کردووە کە بۆ کۆبوونەوە لە لازقیە ئەوەش پیلانە، ئەوان بە یەک بەرد دەیانەوێت چەند تەیرێک بیکوژن، ئەوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردیان وەک ئەنجوومەن بانگھێشت نەکردوونە، بەڵکو وەک چەند حزبێک بانگھێشت کراوین، بەوەش دەیانەوێت ئەنجوومەنی نیشتیمانیی پارچە پارچە بکەن و ئێمەش وەک پەیەدە بکەنە شوێنکەوتەی خۆیان و پڕۆژەی نەتەوەیی کورد لە رۆژئاوا لە ناوبچێت، بۆیە ئێمە وەک ئەنجوومەنی نشتیمانیی کورد لە سووریا ئەو داوایەی رووسیامان رەتکردووەتەوە".
لە بارەی دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، نوری بریمۆ گوتی: "پەیەدە رۆژانە ھەڤاڵان و چالاکوانانی ئێمە و ھەروەھا چەندین هاووڵاتیی لە تەمەنی ١٥ بۆ ٤٥ ساڵانە دەستگیر دەکات و ھەندێکیان بۆ لەشکری ناچاری دەبات، پەیەدە وایکردووە خەڵک ئاوارەی وڵاتان ببن".
لەبارەی گفتوگۆ لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا و پەیەدە، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا، نوری بریمۆ گوتی: "لەو باوەڕەدام کە پەیەدە دەرگای گفتوگۆ و دیالۆگی داخستووە، گفتوگۆ لەگەڵ ئەوان ناکرێت و ئێمەش ئیتر باوەڕ بە ئەوان ناکەین و ھاوبەشیان نابین، ئەوان دوژمنی کورد و کورداییەتی و ئاڵای کوردی و پڕۆژەی کوردن لە سووریا".