Abdullah Abdulmanaf Shukur
17 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، جێمس جێفری و شاندێکی یاوەری کرد.
ماڵپەری فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، جێمس جێفری و شاندێکی یاوەری کردووە.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە لە ھەوڵەکانی بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان لە سووریا بەردەوام دەبێت و پشتگیری لە ھەر ھەنگاوێکیان بۆ رێککەوتن و یەکخستنی ریزەکانیان دەکات لەپێناو دابینکردنی مافەکان و پێگەیەکی باشتر بۆ کورد لە ئێستای و داھاتووی سووریادا.
لە پاڵ ئەمەش لەمیانی کۆبووونەوەکەدا، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی سووریا و ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری کێشەی سووریا و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری و راگرتنی شەڕ و کوشتار لەو وڵاتە تاوتوێ کران، ڕۆڵ و ئامادەیی و کاریگەریی ھێزە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش لە سووریا و پێویستیی ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان ھەمووان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسیی ئاشتیانە و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە بەگشتی، دووپات کرایەوە.
ھەر لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشھاتەکانی دۆخی عێراق و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە تاوتوێکرا و تیشک خرایە سەر مەترسیی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر لە عێراق و سووریا و چۆنیەتیی رووبەڕوونەوەی بە ھاوکاریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ھەروەھا باس لە پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، کرا.