Fahrettin İbrahim
03 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کرد و لە لایەن ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین پێشوازی لێکرا.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "نێچیرڤان بارزانى دووپاتیکردەوە کە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان لە هەوڵ و کۆششەکانى بۆ یەکڕیزى و تەبایى لە هەرێمى کوردستان و یەکهەڵوێستیى لایەن و پێکهاتەکان بەرامبەر بە پێشهات و رووداوەکان لە عێراق و ناوچەکە بەردەوام دەبێت، هەموو تواناکانیش بۆ دروستکردن و سەرخستنى پێکهێنانى هاوپەیمانیى فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەخاتە گەڕ".

ئاماژە بەوەیش دراوە کە لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیدا، دوایین پێشهاتەکانى عێراق و خۆپیشاندانەکانى بەغدا و پارێزگاکانى دیکەى وڵات، لێکەوتەکان و کاریگەرییان لەسەر هەرێمى کوردستان، گرنگیى تەبایى و یەکڕیزیى لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا، دۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و رووداو و پێشهاتەکانى ناوچەکە بەگشتى تاوتوێ کراوە.
هەروەها روونیشکراوەتەوە کە ئەمیندارى گشتیى یەکگرتووى ئیسلامى، هەوڵ و هەنگاوەکانى نێچیرڤان بارزانى و سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانى لە پێناو تەبایى و یەکڕیزى و کارى پێکەوەییى لایەنە کوردستانییەکان بەرز نرخاندووە و پشتگیریى خۆیشی و یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستانى بۆ دووپاتکردووەتەوە.