Hemin Hüseyin
01 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2017
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا ھێرشە تیرۆرستییەکەی دوێنێی شاری کابولی پایتەختی ئەفغانستانی کە بە دەیان کەس تیایدا بوونە قوربانی ئیدانە کرد و ھاوخەمیی خۆی بۆ گەل و حکوومەتی ئەفغانستان و کەسوکاری قوربانیان دەربڕی.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی:
"زۆر بە توندی ئەو ھێرشە تیرۆرستییە سەرکۆنە دەکەین کە سەرلەبەیانیی دوێنێ گەڕەکی دیپلۆماسی لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان کردە ئامانج و تیایدا بەداخەوە بە دەیان کەس گیانیان لە دەست دا و بە دەیانی دیکەش بریندار بوون. سەرەخۆشی و ھاوخەمیی قووڵمان لەگەڵ خانەوادە و کەسوکاری قوربانییان و گەل و حکوومەتی ئەفغانستان رادەگەیەنین، ھیوای زووچاکبوونە بۆ برینداران دەخوازین. ھیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەماھەنگیی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بیری تاریکیان و لەناوبردنی تیرۆریستان بنێت".