Heman Hussein Yaseen
07 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێجیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سەرۆکی ھاوپەیمانیی تەقەدوم، محەمەد حەلبوسی کرد.
ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە لە دیدارێکدا، نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبوسی جەختیان کردەوە لە رۆڵ و ئامادەیی و پێگەی ھەردوو پێکھاتەی کورد و سوننە لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا وەک دوو ھاوبەشی سەرەکی لەگەڵ پێکھاتەی شیعە و پێکھاتەکانی دیکەدا.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی ھاریکاریی و لێکگەیشتنی ھاوبەشی نێوان ھێز و لایەنە عیراقییەکان کردەوە بۆ ھەنگاونانی پێویست لە پرۆسەی سیاسیدا و دامەزراندنی حکوومەتێک کە کۆکەرەوەی لایەن و پێکھاتە عیراقییەکان و وەڵامدەرەوەی خواست و داوکاریی ھاووڵاتییان بێت لە دابینکردنی ئارامیی و سەقامگیریی و خزمەتگوزاریی و ژیانێکی باشتر.
راشیگەیاندووە کە ھەردوولا باسیان لە دوایین پێشھاتەکانی شەڕی تیرۆر و ھێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی داعش کردووە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سوپای عیراق و پێشمەرگەدا کە لە ئەنجامدا، ژمارەیەک شەھیدی لە ریزەکانی سوپا، پێشمەرگە و ھاووڵاتییاندا لێکەوتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەردوولا جەختیان لە گرنگی و پێویستیی کاراکردنی زیاتر و خێرای میکانیزمی ھەماھەنگیی نێوان سوپا و پێشمەرگە کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوی تیرۆریستان و تێکشکاندیان، ھەروەھا راستەڕێبوونی پرۆسەی سیاسیی و ئارامیی و سەقامگیریی سیاسییان لە وڵات، بە پێویستییەکی لەپێشینە بۆ سەرکەوتن لە شەڕی دژی تیرۆردا لە قەڵەم داوە.