Hemin Hüseyin
05 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2019
هەولێر - AA
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە دیدارێکدا، شاندی ئەڵمانیا خۆشحاڵییان دەربڕیووە و بەردەوامی ھاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە و نەبەردیی پێشمەرگەیان لە شەڕی دژی داعش و پاراستنی ھەموو پێکھاتەکان بێ جیاوازی بەرز نرخاندووە.
باڵیۆزی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە داوە کە لە کاتی سەردانی مەیدانیی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ سەنگەرەکانی شەڕی دژی داعش، ئەم راستییەیان بۆ دەرکەوتووە و باسی لە کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی پێشمەرگە لە ھەولێر کردووە کە لە لایەن وڵاتەکەیانەوە دروستکراوە و رادەستی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کراوە.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سەردانەکە و ھاوکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیای بۆ ھەرێمی کوردستان لە کاتە سەختەکاندا کردووە، ھەروەھا ستایشی ئەڵمانیای کردووە بۆ ئەو دیارییە بەنرخەی پێشکەش بە ھێزی پێشمەرگەیان کردووە کە لە ئاست قوربانیدانی پێشمەرگەیە.
پەیوەندییەکانی ھەولێرـ بەغدا و ھەماھەنگیی دەزگا ئەمنییەکانی ھەردوولا لەو ناوچانەی مەترسیی سەرھەڵدانەوەی داعشی لێدەکرێت تاوتوێ کراوە. لەمبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە کە چەندین کۆبوونەوە لە نێوان ھەردوولادا ئەنجام دراون و میکانزمێکی گونجاو دانراوە بۆ ئەوەی ھەماھەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەبێت.
تاوتوێکردنی دوا پێشھاتەکانی ناوچەکە و گفتوگۆ سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بووە.